ڤیدیۆ؛ راهێنەری ئارارات: با یەکێتی تۆپی پێی کوردستان وازبهێنن

17-04-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەنوەر محەممەد، راهێنەری ئارارات
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەنوەر محەممەد، راهێنەری یانەی ئارارات هێرشدەکاتە سەر یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و دەڵێت، پێویستە یەکێتییەکە واز لە کارەکانیان بهێنن.

راهێنەری ئارارات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەیان بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر گوتی، ئەوەی لە یاریی بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر بەرامبەر ئێمە کرا، هیچ دادپەروەرییەکی تێدانەبوو و زوڵمێکی زۆر لەلایەن ناوبژیوانی یارییەکەوە لە ئێمە کرا.

محەممەد دەڵێت، نەبوونی ئەم خولە زۆر باشترە، دەچینە هەندێک یاریگە زۆر هێرشماندەکرێتە سەر و هیچ ئەمانێک لەبارەی یاریزانەکانی ئێمە نییە، هەموو ئەنجامە خراپەکانی ئێمەش بەهۆی خراپی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و بڕیارە هەڵەکانی ناوبژیوانانە.

ئەنوەر محەممەد زیاتر گوتی، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاری زۆر هەڵە دەدات، بە چ پێوەرێک ناوبژیوانی یاریی رابردووی نێوان ئێمە و پێشمەرگەی هەولێر دانراوەتەوە، دەشڵێت سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە رۆژی یارییەکەدا کە رووداوەکە روویداوە تەلەفۆنەکەی داخستووە و وەڵامی هیچ کەسێک ناداتەوە، بەڵام دوای ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە دەکات و داوای لێبوردن دەکات، ئەمە بۆ ئێمە هیچ گرنگییەکی نییە.


راهێنەری ئارارات زیاتر گوتی، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان واز لە کارەکەی بهێنێت زۆر باشترە، لەوەی بەمشێوەیە خولەکە بەرێوەببەن.

ئەنوەر لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەیامێک بۆ راهێنەرانی کوردستان دەنێرێت و دەڵێت، با هیچ خۆمان بەلایەنی تەکتیکی و پلانی یارییکردنەوە ماندوونەکەین، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و ناوبژیوانەکان خۆیان بڕیار لەبارەی ئەنجامی یارییەکانەوە دەدەن و هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەسەر رووداوەکان نییە.

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو کە ئایا ئارارات لە خولەکەدا دەمێنێتەوە یان نا، وەلید ئەنوەر، سکرتێری یانەکە گوتی، لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا کۆبوونەوەی خۆمان دەکەین و بڕیاری خۆمان دەدەین، نامەیەکیش ئاراستەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش بەخۆیان بچنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە