بە زمانی بەڕۆژووەوە مان یونایتدی سەرخست و لیڤەرپوولی دوورخستەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی مانچێستەر یونایتد توانی لە لیڤەرپوول بباتەوە و بۆ قۆناخی پێش کۆتایی ئێف ئەی کەپ سەربکەوێت. 
 
لە میانی یارییکانی قۆناخی چارەکی کۆتایی ئێف ئەی کەپ، مانچێستەر یونایتد لە یاریگەی ئۆڵدترافۆرد میوانداری لیڤەرپوولی کرد، لە یارییەکی دراماتیکیدا کە تێیدا رێد دێڤڵس بە ئەنجامی 4-3 یارییەکەیان بردەوە و لیڤەرپوولیان لە پاڵەوانێتییەکە دوورخستەوە. 
 
یارییەکە دەستی پێکرد و لە خولەکی 10، سکۆت مکتۆمینای گۆڵی یەکەمی یارییەکە و پێشکەوتنی مانچێستەر یونایتدی تۆمارکرد. 
 
دوای ئەو گۆڵە، هەردوو یانە لە هێرشەکانیان بەردەوامبوون و چەندین هەلی مەترسیداریان درووستکرد، بەڵام یارییەکە بەبێ گۆڵ مایەوە تاوەکو لە خولەکی 44، ماک ئالیستەر گۆڵی یەکەمی لیڤەرپوولی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ رێدز یەکسانکردەوە.
 
لیڤەرپوول نەیدەویست گێمی یەکەم بە یەکسانبوون کۆتایی بێت، بۆیە لە درووستکردنی هەلەکانی بەردەوامبوو، تاوەکو لە کاتی زیادکراوی گێمی یەکەمدا، محەممەد سەڵاح تۆڕی مانچێستەر یونایتدی هەژاند و رێدزی پێشخست. 
 
لە گێمی دووەمدا، مانچێستەر یونایتد هەر لە سەرەتاوە بە هێرشبردن دەستیپێکرد و چەندین هەلی مەترسیداری گۆڵتۆمارکردنی درووستکرد، ئەوەبوو لە خولەکی 87ـی یارییەکەدا، ئانتۆنی گۆڵی دووەمی رێد دێڤڵسی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، گێمی دووەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات و یارییەکە چووە دوو گێمی زیادکراوەوە.
 
لە گێمی زیادکراوی یەکەمدا، هەردوو یانە لە هێرشەکانیان بۆ سەر گۆڵی یەکدی بەردەوامبوون، تاوەکو لە خولەکی 105، هارڤی ئێڵیەت گۆڵی سێیەمی لیڤەرپوولی تۆمارکرد و گێمی یەکەمی زیادکراوی یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات. 
 
لە گێمی زیادکراوی دووەمدا، مانچێستەر یونایتد بە رۆحییەتێکی بەرزەوە دەرکەوت و لە خولەکی 112، مارکەس راشفۆرد ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
مانچێستەر یونایتد نەیدەویست یارییەکە بچێتە لێدانە یەکلاکەرەوەکان و چەندین هەلی گۆڵتۆمارکردنی درووستکرد، تاوەکو لە کاتی زیادکراوی گێمەکەدا، ئاماد دیالۆ گۆڵی چوارەم و سەرکەوتنی رێد دێڤڵسی تۆمارکرد. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لە کاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی گۆڵەکەیەوە، دیالۆ درێسەکەی دادەنێت، بەوەش دووەم کارتی زەرد وەردەگرێت و لە یارییەکە دەکرێتە دەرەوە. 
 
دیالۆ کە یەکێکە لە یاریزانە موسوڵمانەکان و بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە بەڕۆژوو دەبێت، لەبارەی بردنەوەی یارییەکەوە دەڵێت"ئەوە کارێکی ئاسان نییە لە کاتێکدا کە بەڕۆژوویت، بەڵام دەبێت باوەڕت بەخۆت هەبێت. من لەپێناو خودادا بەڕۆژوو دەبم، دەمەوێت لە پێناو یانەکەمدا بجەنگم، بۆیە سوپاسی خودا دەکەم بۆ ئەم ساتە."
 
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، تیروپشکی قۆناخی پێش کۆتایی جامەکە راکێشرا و بەپێی ئەنجامەکان، یانەکانی مانچێستەر سیتی و چێڵسی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و کۆڤێنتری سیتی و مانچێستەر یونایتدیش بەرامبەر یەکدی کەوتن.