ئەنچێلۆتی و کرووس سەرقاڵی ئامۆژگاریکردنی ڤینیسیۆسن


رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دووچارەی رەخنەگرتنی هاوڕێکانی بووەتە لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا، بەهۆی هەڵسوکەوتەکانییەوە لە یاریگەدا.
 
ڤینی کە دوێنی دوو گۆڵی تۆمارکرد لە یاریی سەرکەوتنی ریال مەدرید بەسەر ئۆساسۆنا بە 4 - 2 گۆڵ، جارێکی دیکە مشتومڕی دروستکردەوە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ڤینیسیۆس بەردەوامە لەسەر خۆ سەلماندن وەک چەکێکی کاریگەر و سەرەکیی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا و کۆی گۆڵەکانی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا گەیاندووەتە 18 گۆڵ.
 
بەڵام وەک سەرچاوەکان دەڵێن، ڤینی لە یارییەکەی ئۆساسۆنادا، جارێکی دیکە لایەنە خراپەکەی کەسایەتیی خۆی پێشانداوەتەوە بەهۆی رەخنەگرتن لە ناوبژیوان کە بەهۆیەوە کارتی زەردی وەرگرت و بەوەش لە یاریی داهاتووی یانەکەی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو بێبەش دەبێت، بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانەوە.
 
ڤینی لە هەمان یاریدا، دوای تەواوبوونی گێمی یەکەم و لە کاتی چوونە دەرەوە بەرەو ژووری جلگۆڕین، نزیکبوو لەوەی دەمەقاڵە لەگەڵ یاریزانە یەدەگەکانی ئۆساسۆنادا دروست بکات، بەڵام براهیم دیازی دووری خستەوە و نەیهێشت رووداوەکە گەورە ببێت.
 
ڤینیسیۆس لە دوایین چوار یاریی ریال مەدریددا، چوار کارتی زەردی وەرگرتووە و بەشێوەیەکی گشتی لە وەرزی 2021 - 2022ەوە تاوەکو ئێستا کۆی 21 کارتی زەردی پێدراوە و تەنیا شەش لەوکارتانە بەهۆی فاوڵ گرتنەوە بووە.
 
کارتەکانی دیکەی ڤینی شەش دانەیان بەهۆی رەخنەگرتن لە ناوبژیوان و حەوت کارتی زەرد بەهۆی دەمەقاڵە و رووبەڕووبوونەوەی یاریزانانی تیپی بەرامبەر و دانەیەک بەهۆی شێوازی ئاهەنگگێڕان و دانەیەکیش بەهۆی کات بەفیڕۆدانەوە.
 
ڤینی هەروەها لە یەکێک لە یارییەکانی یانەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، بەهۆی دەمەقاڵەی تووند لەگەڵ یاریزانێکی ئەو یانەیە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، کارلۆ ئەنچیلۆتی بەردەوام لە ژووری جلگۆڕیندا ئامۆژگاریی ڤینی دەکات بەوەی کە نەخزێتە نێو کێشە و فۆکەس و بیرکردنەوەی تەنیا لەسەر یاری بێت و دەمەقاڵە لەگەڵ کەس نەکات و رەخنە لە ناوبژیوانان نەگرێت.
 
سەرچاوەکان گوتوویانە، جیا لە کارلۆ، هەریەکە لە تۆنی کرووس و ناچۆ فێرناندێز بەبەردەوامی چاودێریی ڤینی دەکەن و هەندێکجار هۆشداریی دەدەنێ لەوەی هەڵە نەکات و نەکەوێتە هەڵەوە، چونکە هەڵەکانی ئەو دەبێتە هۆی دۆڕانی تیپەکەی.
 
وێڕای ئامۆژگارییە بەردەوامەکان، بەڵام ڤینی لە هەڵسوکەوتە نەشیاوەکانی خۆی لە یاریگەکاندا بەردەوامە.