هەڵبژاردەی عێراق دەستی بە راهێنان کرد
رووداو هەولێر
راهێنانەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەنجامدانی دوو یاری بەرامبەر هەڵبژاردەی فیلیپین لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026 دەستیپێکرد.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە هەڵبژاردەی عێراق لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە میوانداری هەڵبژاردەی فیلیپین بکات، شەوی رابردوو تیپەکە بە ئامادەبوونی 14 یاریزانی ناوخۆی عێراق، کە بریتیبوون لە جەلال حەسەن، ئەحمەد باسل، محەممەد ساڵح، ئەمیر عەمماری، حەسەن عەبدولکەریم، زەید تەحسین، موهەند عەلی، عەبدولڕەزاق قاسم، زەرغام ئیسماعیل، مستەفا سەعدون، عەلی جاسم، لوئەی عانی، سەعد ناتق لەگەڵ مەناف یونس یەکەم یەکەی ئامادەکاری ئەنجامدا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ئوسامە رەشید، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق گەیشتە شاری بەسرە و بڕیاریش وایە هەریەک لە مونتەزر ماجد، رێبین سولاقا، ئەحمەد یاسین، ئەیمەن حوسێن و ئیبراهیم بایش ئەو ئەستێرانەن کە ئەمڕۆ دەگەنە شاری بەسرە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئاشکرایکرد، هەریەک لە مێرخاس دۆسکی، یوسف ئەمین، سەفا هادی، بەشار رسن رۆژی دووشەممە پەیوەندی بە راهێنانی هەڵبژاردەکە دەکەن، رۆژی سێشەممەش فرانس زیا و زێدان ئیقبال حوسێن عەلی دەگەنە بەسرە.
پێشتر عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پڕۆژەی گەورەی ئێمە لە هەڵبژاردنەکان و دەستبەکاربوونمان گەیشتی هەڵبژاردەی عێراقە بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026، دواتر دەمانەوێت عێراق لە باشترین چوار هەڵبژاردەی کیشوەری ئاسیا بێت".
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، کە دوو ساڵە سەرکردایەتی تیپەکەی دەکات، نازناوی جامی کەنداوی بردووەتەوە و لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالیش دەستپێکی باشی هەیە کە دوو یاریی یەکەمی بە بردنەوە لە هەڵبژاردەکانی ئیندینۆزیا و ڤێتنام دەستپێکردووە.
درجال، زیاتر روونیکردەوە "کاساس تەواو ئازادە لە کارەکەی چۆن پێکهاتەی یاریزانان دادەنێت و ئێمە تەواو پاڵپشتی دەکەین، یاریکردن لەنێو خاکی خۆماندا دەرفەتێکی باشە بۆ سەرکەوتن".
هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەی پێنجەم یاریدەکات، عێراق یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ڤێتنام، ئیندینۆزیا لەگەڵ فیلیپین دەکات، ئێستا بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندە.
هەڵبژاردەی فیلیپین لە 1907 دامەزراوە، تیپەکە ئاستێکی باشی پیشاننەداوە، تیپەکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بەرامبەر ڤێتنام دۆڕاوە و لەگەڵ ئیندینوزیاش یەکسانبووە، بە وەرگرتنی خاڵێک لە پلەی سێیەمی ریزبەندە.
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا لە 1986 بەشداری یارییەکانی مۆندیالی لە مەکسیک کردووە، تاکە نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیاش لە 2007 بەدەستهێناوە.
یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە، کە شوێنی 65 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، چاوەڕواندەکرێت رۆژی پێنجشەممە کەرنەڤاڵێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت لە رووی زۆری رێژەی ئامادەبوونی هاندەرانەوە. میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە کە خواستێکی زۆر لەسەر کڕینی بلیتی یاریی هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی فیلیپین هەیە، نرخی هەر بلیتێک گەیشتووەتە 50 هەزار دیناری عێراقی.
بەپێی بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مافی پەخشکردنی ئەم یارییە بۆ میدیاکانی عێراق کراوەیە، دیسکی وەرزشیی تۆڕی میدیای رووداویش ئامادەکارییەکی زۆری کردووە و یارییەکە بە کۆمێنتاری کوردی و عەرەبی دەگوازێتەوە.