ئێنریکی بۆچی لە ئەشرەف حەکیمی تووڕەیە؟

17-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لویس ئێنریکی ئەشرەف حەکیمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لویس ئێنریکی، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان بەردەوامە لە خووەکەی کە بە پەیامی تووند و لەبەردەم کامێراکاندا هێرش دەکاتە سەر ئەستێرەکانی تیپەکەی و ئەشرەف حەکیمی نوێترین قوربانییە.
 
لە نیوەی یەکەمی ئەم وەرزەدا، ئێنریکی بە چەند ئاماژەیەکی تووڕەیی گۆڵپارێزە ئیتاڵییەکەی، جیانلویجی دۆنارۆمای شەرمەزار کرد، دوای ئەوەی گۆڵپارێزەکەی تۆپێکی درێژی بۆ هاوڕێکانی نارد، لەبری ئەوەی هێرشەکە لە پشتەوە بنیات بنێت.
 
هەروەها راهێنەرە ئیسپانییەکە لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو هەمووانی سەرسامکرد، کاتێک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یاریی بەرامبەر رێمس رایگەیاند کە رازی نەبووە بە ئاستی کیلیان ئێمباپێ، سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە سێ گۆڵی بۆ تیپەکەی تۆمارکرد.
 
نۆرە هاتووەتە سەر ئەشرەف حەکیمی، کە ئێنریکی بەئاشکرا هەڕەشەی لێکرد کە یان هەندێک لایەنی یاریکردنی باشتر دەکات، یان دەیخاتە سەر کورسی یەدەگ، لە یاریی ئەمڕۆی بەرامبەر مۆنپێلێ لە خولی فەرەنسادا.
 
حەکیمی لەگەڵ هەڵبژاردەی مەغریب بەشداری لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کرد، بەڵام لە  لە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە دوورخرایەوە، دوای ئەوەی بە باشووری ئەفریقا دۆڕا بە ئەنجامی 0-2 لە کاتێکدا دیارترین بەربژێر بوو بۆ بردنەوەی نازناوەکە، کە چاودێڕان ئەشرەف بە هۆکارێکی سەرەکی ئەو شکستە دەزانن بەو پێیەی لەو یارییەدا لە دوایین خولەکەکاندا لێدانی سزای لەدەستدا، کە دەکرا ببێتە هۆی یەکسانبوون بە ئەنجامی1-1 بەر لەوەی باشووری ئەفریقا گۆڵی دووەمی تۆماربکات.
 
دوای گەڕانەوەی لە کۆت دیڤوار، حەکیمی بە درێسی پاریسەوە لە 8 یاری، کە لە خولی فەرەنسا 5 یاریی و لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا 2 یاری و یارییەک لە جامی فەرەنسادا بەشداری کردووە، بەڵام ئاستی دابەزی و لە کۆی ئەو هەشت یارییەدا تەنیا ئاسیستێکی هەبووە، سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان لە پێگەی خۆیدا، ئەمەش بەهۆی ئەنجامدانی ئەرکە هێرشبەرییەکان بە باشترین شێوە، بەپێی دانپێدانانی لویس ئێنریکی.
 
هەفتەکانی رابردوو دەریخستووە کە ئەستێرە مەغریبییەکە بە رواڵەت لە رووی دەروونییەوە لە شۆکی ماڵئاواییکردن لە جامی ئەفریقا چاک نەبووەتەوە، چونکە زیاتر لە هەڵەیەکی کردووە.
 
لە قۆناخی شانزدەی چامپیۆنزلیگدا، لە یاریگەی ئانۆیتا بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد، حەکیمی کارتی زەردی وەرگرت، ئەمەش وادەکات بەشداری یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بارسێلۆنا نەکات.
 
دوای چەند رۆژێک، یاریزانەکە کایلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی هاوڕێی شەرمەزارکرد، دوای ئەوەی بووە هۆکاری گۆڵێک لە دژی ناڤاس، و بەو هۆیەوە یانەی رێمس لەسەر یاریگای پارک دی پرێنس بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لەگەڵ پی ئێس جی یەکسان بوو.
 
ئەمە سێیەم یاریی لەسەریەک بوو کە سانجێرمان لە خولە ناوخۆییەکان یەکسان دەبێت، ئەمەش ئێنریکی تووڕە کردووە، و دەرئەنجام لە یارییەکەی بەرامبەر نیس لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی فەرەنسادا حەکیمی خستە سەر کورسی یەدەگ، پێش ئەوەی دواهۆشداری بداتە یاریزانە مەغریبییەکە.
 
هەندێک لە سەرچاوەکان دوورتر دەڕۆن و باس لەوە دەکەن کە پرسەکە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە هەیە، گوایە ئەو یاریزانە دەیەوێت دوای کیلیان ئێمباپێی هاوڕێی بگەڕێتەوە ریزەکانی یانەی شاهانەی ئیسپانیا، کە پێشتریش چەند سەرچاوەیەک باسیان لەوە کردووە کە ئێمباپێ دەیەوێت حەکیمی، کە هاوڕێیەتییەکی زۆر بەهێزیان لەنێواندا هەیە بباتە مەدرید.
 
تەنانەت هەندێک سەرچاوە لەوەش دوورتر رۆیشتوون و دەڵێن مەرجێکی ئێمباپێ و دەوروبەرەکەی بۆ چوونە ریزەکانی ریال مەدرید ئەوەیە کە یانەکە دوای کیلیان گرێبەست لەگەڵ ئەشرەف حەکیمیش بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە