لە ئەرجەنتین، میلەت چاوەڕێی یارییەکی تۆپی پێ دەکات

17-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئەرجەنتین مۆندیالی 2022
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 1.6 ملیۆن هاندەر لە ئەرجەنتین، ناوی خۆیان لە لیستی چاوەڕوانییدا تۆمارکردووە بۆ ئەوەی بلیتی یەکەم یاری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە دوای مۆندیالەوە، بەدەست بهێنن.
 
تۆمارکردنی ناوی داواکارانی بلیتی یاری دۆستانەی نێوان ئەرجەنتین و پەنەما، لە ئەرجەنتین دەستیپێکرد و دوای تەنیا یەک کاژێر و نیو لە خستنەڕووی فرۆشتنی بلیتەکان، نزیکەی یەک ملیۆن و شەشسەد هەزار کەس، ناوی خۆیان بۆ کڕینی بلیتی یارییەکە تۆمارکرد.
 
بڕیارە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە رۆژی 23ی ئەم مانگەدا، لە شاری بۆینس ئایرس میوانداریی هەڵبژاردەی پەنەما بکات لە یارییەکی دۆستانەدا.
 
یارییەکە لە نێو یاریگەی مۆنۆمێنتال ئەنجامدەدرێت کە تایبەتە بە یانەی ریڤەرپلەیت و گەرچی یاریگەکە تەنی 83 هەزار کەس لە خۆ دەگرێت، بەڵام داواکارییەکان بۆ ئامادەبوون لە یارییەکەدا هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە.
 
یارییەکە دەبێتە یەکەم دەرکەوتنەوەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەسەر خاکی خۆی پاش بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2022ی قەتەر.
 
دوێنێ پێنجشەممە، بلیتەکانی یارییەکە خرانە بازاڕەوە، کۆی ملیۆنێک و 576 هەزار و 696 کەس چاوەڕێی بەدەستهێنانی بوون.
 
بینینی یارییەکە و نرخی بلیتەکان لە 35 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 244 دۆلار، بەڵام پێشبینیکراوە نرخەکە لە بازاڕی رەشدا، دە هێندە و زیاتریش، زیاد بکات.
 
دەسەڵاتدارانی ئەرجەنتین پێشبینی دەکەن، ئەم یارییەکە کە یەکەم یاری هەڵبژاردەی ئەرجەنتینە بە درێسی سێ ئەستێرەوە ئەنجامی دەدات، ببێتە کەرنەڤاڵێکی نەتەوەیی و ملیۆنان کەس بەشداریی لە بینینیدا بکەن چ بە ئامادەبوون لە یاریگەدا، یان بەبینی لە ماڵ و شوێنە گشتییەکان.
 
پێشبینیکراوە هاندەرە ئەرجەنتینییەکان جارێکی دیکە پێشوازییەکی ئەفسانەیی لە مێسی و هاوڕێکانی بکەن کاتێک لە یاریگەدا دەردەکەون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە