هەموو شتێک لەبارەی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ

17-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاندەرانی تۆپی پێی ئەوروپا چاوەڕێی یاریی بەهێز دەکەن، لە قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کاتێک تیروپشکی قۆناخەکە رادەکێشرێت.
 
ئەمڕۆ کاژێر 14:00 بەکاتی باشووری کوردستان، تیروپشکی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت و راستەوخۆ لە رووداو دەگوازرێتەوە، هەموو ئەگەرەکان لەبەردەم یانەکانی ئەم قۆناخە کراوەن و ئیدی یانەکانی یەک کۆمەڵە و یەک وڵات دەتوانن بەرامبەر یەکدی یاریی بکەن.
 
یانەکانی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ لە ئیتاڵیا، ئینگلتەرا، ئیسپانیا، پۆرتوگال و ئەڵمانیا پێکهاتوون کە ئەمانەن
 
ئەیسی میلان
ئینتەرمیلان
ناپۆلی
مانچێستەر سیتی
چێڵسی
ریال مەدرید
بێنفیکا
بایرن میونشن
 
دوای راکێشانی تیروپشکی قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە، رۆژی 11 و 12ـی مانگی داهاتوو یارییەکانی چوون لە قۆناخی هەشت بەڕێوەدەچن، رۆژی 18 و 19ـی هەمان مانگیش یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخەکە ئەنجامدەدرێن و ئەو چوار یانەیە دەردەکەون کە لە قۆناخی پێشکۆتاییدا رکابەری یەکدی دەکەن.
 
بە راکێشانی تیروپشکی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، ئەگەرەکانی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەش رووندەبێتەوە، کە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی لە 9 و 10ـی مانگی 5 بەڕێوەدەچن و یارییەکانی گەڕانەوەش لە 16 و 17ـی هەمان مانگ دەکرێن.
 
یاریی کۆتایی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ تاوەکو ئێستا بڕیارە لە تورکیا لە یاریگەی ئۆڵیمپی ئاتاتۆرک لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەبچێت، کە رۆژی 10ـی حوزەیرانی داهاتوو یارییەکە دەکرێت.
 
تیروپشکی یۆرۆپالیگ
 
دوای راکێشانی تیروپشکی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، تیروپشک بۆ قۆناخی داهاتووی یۆرۆپالیگیش دەکرێت کە شەوی پێنجشەممە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی ئەو پاڵەوانێتییەش کۆتاییهاتن.
 
بۆ قۆناخی داهاتووی یۆرۆپالیگ هەریەکە لە یانەکانی مانچێستەر یونایتد، فاینۆرد، یوڤێنتوس، سێڤییا، رۆما، سانت ژیلواز، سپۆرتینگ لیشبۆنە و بایر لیڤەرکوزن سەرکەوتن و لە قۆناخی داهاتوودا هاوشێوەی چامپیۆنزلیگ چاوەڕێی یاریی بەهێز دەکرێت.
 
یارییەکانی چوونی قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگ لە رۆژی 13ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچن و یارییەکانی گەڕانەوەش لە 20ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچن.
 
یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەش یارییەکانی چوون لە 11-5 بەڕێوەدەچن و یارییەکانی گەڕانەوەش لە 18-5 دەکرێن و ئەو دوو یانەیەی دەگەنە یاریی کۆتایی یەکلادەبنەوە.
 
یاریی کۆتایی ئەم وەرزەی یۆرۆپالیگ رۆژی 31-5-2023 لە یاریگەی پوشکاش ئارێنا لە شاری بوداپێستی هەنگاریا بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە