کوردێک دەیەوێت ببێتە شێری بەحرەین

17-03-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رامیار لوقمان
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی برەیف، کە هونەری شەڕکردنە لە بەحرەین بەڕێوەدەچێت، یاریزانێکی کورد بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکات و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بکات.

رامیار لوقمان، یاریزانێکی لاوی کوردە، بەهۆی ئەو ئاست و ئەنجامە باشانەی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی سلێمانیدا بەدەستیهێنان، لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی پلەکانی پێشەوەی پاڵەوانێتییەکە.

دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ پاڵەوانێتییەکی گەورە لە سلێمانی رێکخرا و چەندین یاریزان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەشداریان کرد، هەر زوو هەوڵەکان خرانەڕوو بۆ ئەوەی یاریزانە کوردەکان بتوانن لە دەرەوە چالاکییەکانیان بکەن و لە پاڵەوانێتییەکاندا بەشداربن.

سی ئێف ئێل، کۆمپانیایەکی تایبەتمەندە بە رێکخستنی پاڵەوانێتییەکان، لەگەڵ برەیف گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی گرێبەستێک واژۆبکەن و یاریزانە کوردەکانیش لە دەرەوەی وڵات بتوانن بەشداری لە پاڵەوانێتییەکاندا بکەن کە لەلایەن ئەوانەوە رێکدەخرێت.

بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ برەیف شاندێک لە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی کوردستان، کە هیمداد عەلی، راوێژکاری وەرزشی و چەند کەسێکی دیکەی لە بوارە جیاوازەکان تێدایە لە مەنامەن بۆ ئەوەی گرێبەستەکە واژۆبکەن.

لەو بارەیەوە هیمداد عەلی، راوێژکاری وەرزشیی قوباد تاڵەبانی بە رووداوی گوت " هەموو ئامادەکارییەکانیان تەواوکردووە بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە واژۆبکەن و بۆ لەمەودا هاوئاهەنگیان لەگەڵ برەیف هەبێت، بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری یاریزانە کوردەکان و بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەدا".

رامیار لوقمان، رۆژی 18ـی ئەم مانگە، یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدات و بە ئاڵای کوردستانەوە رکابەری عەلی یەعقوب، یاریزانی قەتەری دەکات و دەیەوێت لە یەکەم یارییدا پاڵەوانبوونی خۆی پێشانبدات بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی ئەنجامێکی باش بکات لە پاڵەوانێتییەکەدا.



رکابەرییەکانی 48ـەمین پاڵەوانێتی هونەری شەڕکردن، برەیف لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بە بەشداریی چەندین یاریزان لەسەر ئاستی وڵاتەکە و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.

رۆژی 14ـی ئەم مانگە رامیار لوقمان، لەگەڵ زانا حەربیی راهێنەری چووە مەنامە، بۆ ئەوەی بەتەواوی بۆ پاڵەوانێتییەکەدا بکات و لە کێشی 64 کیلۆگرامیدا بەشداری بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە