یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی ئێف ئەی کەپ ئاشکرابوون

17-03-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن برایتۆن، جامی ئینگلتەرا
A+ A-

رووداو - هەولێر

یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئینگلتەرا ئێف ئەی کەپ دەرکەوتن، دوای ئەوەی یانەی برایتۆن بەبردنەوەی لە یانەی میلوول خۆی گەیاندە ئەو قۆناخە.

لە دوایین یاریی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا، هەردوو یانە رووبەڕووی یەکبوونەوە و برایتۆن بەلێدانەکانی یەکلاییکەرەوە گەیشتە قۆناخی داهاتوو، یانەی میلوول لە رێگەی ئەلێکس پێرێس و ئیدین ئوبرین دوو گۆڵی سەرەتای یارییەکەی تۆمارکرد، بەڵام بەرلەوەی کاتی ئاسایی یارییەکە کۆتاییبێت، برایتۆن دوو گۆڵی لەسەریەکی لە خولەکەکانی 88 و 90 لە رێگەی یورگن لوکادیا و سولومۆن مارشەوە تۆمارکرد و یارییەکەیان بردە کاتی زیادکراو.

لەکاتی زیادکراودا ئەنجامەکە وەک خۆی ماوەیەوە و هەردوولا پەنایان بردە بەر لێدانەکانی یەکلاییکەرەوە، یانەی برایتۆن بە 5-4 یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

لە قۆناخی پێشکۆتایی یانەی برایتۆن رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبێتەوە و یارییەکە رۆژی 7-4 ئەنجامدەدرێت، یارییەکەی دیکەش لەنێوان ولڤەرهامتۆن و واتفۆرد دەبێت و رۆژی 6-4 ئەنجامدەدرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە