وێنە؛ ئەستێرەی گواستنەوەی یاریزانان گەڕایەوە یانەکەی


رووداو - هەولێر

بەشێوەیەکی فەرمی یانەی سێڤییای ئیسپانی گەڕانەوەی رامۆس رۆدریگێز، ناسرا بە مونچی، بەڕێوەبەری وەرزشی پێشووی یانەکەی بۆ ریزەکانی راگەیاند، دوای ئەوەی لە یانەی رۆمای ئیتالی رۆیشت.



سێڤییا لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی گەڕانەوەی مونچی بۆ یانەکەی راگەیاندووە و سەرەتای مانگی داهاتوو دەستبەکاردەبێت، سبەی دووشەممەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە یاریگەی رامۆن سانچێز پیز خوان ئەنجامدەدات.




مونچی دوای دوورخستنەوەی ئوزیبیۆ دی فرانچیسکۆ، راهێنەری یانەی رۆما لەکارەکەی بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە یانەکە رۆیشت.

دوای رۆیشتنی لە یانە ئیتالییەکەش دەنگۆی ئەوە هەبوو کە مونچی بچێتە یانەی ئارسیناڵ بۆ ئەوەی لەگەڵ ئونای ئیمری کاربکات، بەڵام ئەو یانە لەندەنییەکەی رەتکردەوە و گەڕایەوە یانەی پێشووی.



مۆنچی ئێستا تەمەنی 50 ساڵە و یەکێک لە دیارترین بەڕێوەبەرە وەرزشییەکانە لەنێو خولە گەورەکانی ئەوروپا.