یاریگەی فرانسۆ هەریری باوەش بۆ یارییە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە

رووداو - هەولێر

دوای 15 ساڵ فیفا بڕیاری هەڵگرتنی گەمارۆی وەرزشی سەر چەند یاریگەیەکی عێراقی هەڵگرت. 

لە کۆنگرەی فیفادا کە لە کۆڵۆمبیا سازکرا، جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان رایگەیاند کە ئابڵۆقەی وەرزشی سەر هەریەکە لە یاریگەکانی فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر، یاریگەکانی کەربەلا و بەسرا هەڵگیرا.

لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنی یەکێتی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە فیفا کە لە شاری بۆگۆتا لە کۆڵۆمبیا بەڕێوەچوو، دوای کۆبوونەوەکە جیانی ئینڤانتینۆ سەرۆکی فیفا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رێکخراوەکەیان گەمارۆی وەرزشی سەر هەرسێ یاریگەی هەولێر، کەربەلا و بەسڕە هەڵگرت و دەتواندرێت یارییە نێودەوڵەتییەکانی تێیدا بکرێت، بەڵام دوای رەزامەندی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا. 


یاریگەی جزع نەخلە لە شاری بەسڕە کە گەورەترین یاریگەی عێراق و دووەم گەورەترین یاریگەیە لە وڵاتانی عەرەب، سەرەتای ئەمساڵ کرایەوە، گەمارۆی وەرزشیی لەسەرهەڵگیرا، یاریگەکە جوانترین یاریگەی عێراقە و شوێنی 63 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوەو هەموو تایبەتمەندیەکی یاریگە نێودەڵەتییەکانی تێدایە.

یاریگەی دووەم یاریگە، یاریگەی کەربەلایە، ئەو یاریگەیە لە ساڵی رابردوو دوای نۆژەنکردنەوەی کرایەوە، شوێنی 30 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە و یەکێکە لە یاریگە هەرە جوان و سەرەنجراکێشەکانی عێراق.

دواهەمیشیان یاریگەی شەهید فەرەنسۆ هەریریەی لە شاری هەولیڕ کە تاکە یاریگەیە لە باشووری کوردستان گەمارۆکەی لەسەر هەڵگیرابێت، یاریگەکە شوێنی تەنیا 19 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، بەڵام دەتوانێت یارییە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ بگرێت.

جگە لەو سێ یاریگەیە، چەندین یاریگەی ناوازە لە عێراقدا هەن وک یاریگە نوێیەکەی میسان و یاریگەی زاخۆ و یاریگەی دهۆک و یاریگەی شەعب لە بەغدا، بەڵام فیفا رەتیکردەوە گەمارۆ لەسەر ئەو یاریگەیانە هەڵبگرێت، هەندێکیان بە بیانووی نەبوونی فرۆکەخانە و هۆتێلی گەورەو هەندێکی دیکەشیان بە بیانووی نەبوونی ئارامی و سەقامگیری لە شارەکان.

بەو بڕیارەی فیفا ئیتر عێراق جارێکی دیکە باوەش بۆ یارییە نێو دەوڵەتییەکان چ لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان و چ لەسەر ئاستی خولەکانی ئاسیا دەکاتەوە.


  پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا