ئەکاد عەنکاوە هەنگاوی ئامادەکارییەکانیان چڕکردەوە

کچە یاریزانانی یانەی ئەکاد عەنکاوە هەنگاوی ئامادەکارییەکانیان چڕکردەوە بۆ بەدەست هێنانی نازناوی پاڵەوانیەتی عێراق.

کێبرکێی بادمنتۆنی کچانی یانەکانی عێراق رۆژی هەینی لە شاری هەولێر دەست پێ دەکات و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، تیپی ئەکاد عەنکاوە ماوەی مانگێکە لە ناو راهێنانێکی چڕدان بەهیوای ئەنجامێکی باش.

لەم قارەمانیەتیەدا هەشت یاریزان دەست نیشان دەکرێن بۆ پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی کچانی عێراق بۆ بەشداریی کردن لە رکابەرییەکانی عەرەب و ئاسیا، هەر بۆیە کچە یاریزانانی ئەکاد دەیانەوێت بەشی زۆری پێگەکان وەرگرن.


یانەی ئەکاد عەنکاوە بەردەوام خاوەن تیپێکی بەهێزە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەشێوەیەک بەشی زۆری میدالیاکان لە ملی یاریزانانی عەنکاوە دەکرێت.

تیپی کچانی یانەی ئەکاد عەنکاوە دوای ئامادەکارییەکی زۆر، چاویان لە بەرزکردنەوەی نازناوی پاڵەوانیەتی بادمنتۆنی یانەکانی عێراقە، کە ئەمڕۆ لە هەولێر دەستپێدەکات