رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی داهاتوویان بەرامبەر یانەی نەجەف لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجامدا و مەشقەکانی یانەکە نیو کاژێر دواکەوتن.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، یانەی هەولێر دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، یاریزانانی یانەکە 46 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، هەر بەو هۆیەوە فرانک سێدریک، یاریزانی نوێی یانەکە بەشداریی لە مەشقەکانی ئەمڕۆی یانەکەدا نەکردووە و زەحمەتە بەرامبەر یانەی نەجەفیش یاری بکات.
کاژێر 10:00 بڕیاربوو مەشقەکان دەستپێ بکەن، یاریزانەکان چاوەڕێی هاتنی مووچە بوون، دوای 20 بۆ 30 خولەک چاوەڕوانکردن یاریزانەکە گوتوویانە مەشق ناکەین، بەڵام لەسەر داوای سەمیر بابۆ، کەیفی عەبدولرەحمان یاریدەدەری راهێنەری یانەکە بە یاریزانەکانی گوتووە، مەشق بکەن و یاریزانەکان لەسەر قسەی راهێنەر مەشقیکردووە، بەڵام فرانک سێدریک ئامادەی راهێنانەکان نەبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە یانەکە لە دوایین سێ یارییدا نەیبردووەتەوە و هیچ گۆڵێکیشی تۆمارنەکردووە و هاندەرانی یانەکەش لە دۆخ و ئەنجامەکانی یانەکە ناڕازین.
هۆکاری بەشدارینەکردنی فرانک سێدریک، لە مەشقەکانی ئەمڕۆی یانەکەدا ئەوەیە کە کارگێڕیی یانەی هەولێر بەڵێنی بە یاریزانەکە داوە پێشەکی گرێبەستەکەی پێبدەن، بەڵام پێشەکییەکەی نەدراوەتە یاریزانەکە.
حوسێن مورشد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر بە وردەکاریی زۆرەوە لەبارەی کێشەکانی هەولێر قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێت "هەمووان دەزانن پاش یارییەکەی زاخۆ و پاش ئەو ئاستە جوان و نموونەییەی تیپەکە پێشانیدا لە رووی تەکتیک و دەروون و مێشکەوە و ئامادەسازیی بۆ یارییەکە لە بەرزترین ئاستدابوو، دەمەوێ بەڕاشکاوی قسە بکەم و خاڵ خاڵ باسی شتەکان بکەم تاوەکو هەموو شت روون ببێتەوە، پێموایە کێشە داراییەکان هەموو مانگێک دووبارە دەبێتەوە و ئێمە وەک هەمووان دەزانن کارگێڕییەکی نموونەییمان هەیە، کارگێڕییەکی خاوەن ویست و گەنج کە کاپتن موئەیەد مەغدید و کاپتن سیروان نوێنەرایەتییان دەکەن و هەموو ئەندامانی دیکەی کارگیڕیی یانەکە، بەڵام تیپەکە بەتەنگژەیەکی داراییدا تێدەپەڕێت، داوا لە هەمووان دەکەین کە چارەسەری بکەن، یانەی هەولێر یانەیەکی گەورە و خاوەن مێژووە، تیپەکە نوێنەرایەتیی شارێکی گەورە دەکات کە شاری هەولێرە و هەموو گەلی عێراق خۆشیان دەوێت، داوا لە هەمووان و لە پشتگیریکارانی یانەکە و پارێزگاری هەولێر دەکەم پشتگیری یانەی هەولێر بکەن چونکە هەولێر یانەیەکی گەورەیە."
مورشد زیاتر گوتی "تیپەکە بەمڕۆوە ماوەی 50 رۆژە مووچەی مانگانەیان وەرنەگرتووە و دەبێتە دوو مانگ کە یاریزانان مافەکانی خۆیان وەرنەگرتووە، یاریزانەکان لەسەر هەقن و سەرچاوەی ژیانی یاریزانە مووچەی مانگانەیانە. ئێمە ناتوانین لەگەڵ یاریزان قسە بکەین و ئەو یەکسەر پێمان بڵێت ماوەی دوو مانگە مووچەم وەرنەگرتووە. یاریزانەکان خێزانیان هەیە و پارەپەیداکەری ماڵەکانی خۆیانن، پێویستە مووچەی لە رۆژی دیاریکراوی خۆیدا وەربگرن، من نازانم سەرچاوەی کێشەکە لە کوێیە بەڵام ئەو کێشەیەی ئەمڕۆ لەگەڵ سیدریک رووبەڕووی بووینەوە ئەوەیە کە سیدریک بەهۆی وەرنەگرتنی مافە داراییەکانی خۆی و رێکەوتنی لەگەڵ کارگیڕی یانەکە نەهاتوەتە مەشق و هەروەها یاریزانانی دیکەش بەر لە مەشقەکان لەگەڵ دەستەی راهێنەران و کاپتن سەمیر بابۆ قسەیانکرد و داوایانکرد مووچەکانیان وەربگرن بەرلەوەی بچنە یارییەکەی نەجەف، راستگۆیانە و راشکاوانە بڵێم، ئێمە وەک دەستەی راهێنەران گوشاری زۆر گەورەمان لەسەرە، شەقامی وەرزشی هەست بەو گوشارانە ناکات کە لەسەرمانە و دەبێ ئەم کێشە داراییانە چارەسەر بکرێن. من قسە لەبارەی کارگێڕییەوە ناکەم، چونکە ئێمە کارگێڕییەکی نموونەییمان هەیە، بەڵام چارەسەری بۆ کێشە داراییەکان پێ نییە و دەبێ خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێین و دەبێ لەپێناو یانەی هەولێردا یەکدەست بین."
یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە رووداوی گوت "راشکاوانە بڵێم هەولێر لەسەروو هەمووانەوەیە، یانەی هەولێر لەسەرووی هەمووانەوەیە، ناتوانین لەبەرپارە گەشتی نەجەف نەکەین، دەچینە یارییەکە و هەموو کێشە داراییەکان و ناکۆکییەکان بەجێدەهێڵین و لەدوای یارییەکەش ئەوکات قسەی دیکە دێتە ئاراوە. راشکاوانە بڵێم، دوای یارییەکە دەستەی راهێنەران یان یاریزانان هەڵوێستیان دەبێت. بەڕاستی بلێم ئەمە بابەتێکە ئێمە هەموو مانگێک بەدەستیەوە دەناڵێنین."
لەبارەی کاریگەریی پێکانی شێرکۆ کەریم و عەباس یاسین، لەسەر یانەکە حوسێن مورشد دەڵێت "هەمووان دەزانن کە کاپتن شێرکۆ یاریزانێکی گرنگە و بەبایەخە بۆ تیپەکە، یاریزانێکی گەورە و نێودەوڵەتییە، یاریزانێکە لە رووی تاکتیکەوە خزمەتی سیستمی تیپەکە دەکات و شێرکۆ لە یاریزانە مەزنەکانە و لە خولی عێراقدا کاریگەرە، بێگومان سیستمەکەمان لە یەکێک لە ئەستێرەکانی بێبەش دەبێت کە کاپتن شێرکۆ کەریمە و هەروەها پیکرانەکەی عەباسیش کاریگەریی لەسەر سیستمی تیپەکە دەبێت، بەڵام ئەوانەی ئامادە دەبن لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هەموواندا دەبن و یارییەکەمان بەرامبەر نەجەف گرنگە و نەجەف لە ئێمەوە نزیکن لە ریزبەندییەکەدا و هەمان خاڵیان هەیە و هەموو یارییەکانی داهاتوومان یاریی گرنگ دەبن و دوای یارییەکەی نەجەف ئێمە لە دێربی رووبەڕووی دهۆک دەبینەوە کە دەبێ ئامادەسازییەکانمان دەبێ هەمووان بەتەواوی لە پشت یانەی هەولێر بن و هەولێر تەنیا لە پشتگیریی دارایی کەمە و پێویستی بەپشتگیری مانەوی هەیە.هاندەرەکانمان هاندەری نموونەیین و هاندەرەکان لە خۆشی و ناخۆشیدا لە پشتی تیپەکەیانن. پاش ئەو ئاستەی بەرامبەر زاخۆ پێشانماندا، ئێستا ئیدی کاتی ئەوەیە هەمووان لە پشتی یانەی هەولێر بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ