گواردیۆلا باسی یارییەکەی چوارشەممە بەرامبەر ریال مەدرید دەکات

17-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا چامپیۆنزلیگ یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، باسی لە یاریی گەڕانەوەی تیپەکەی لە پاشکۆی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدریدی ئیسپانی کردووە، دەڵێ، هەتا هەلمان لەبەردەستدابێت، لەپێناویدا هەوڵدەدەین.
 
مانچێستەر سیتی، شەوی چوارشەممە دەبێتە میوانی ریال مەدرید لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، پاشئەوەی لەیاریی چووندا بە 2 - 1 گۆڵ شکستی هێنا.
 
راهێنەری سیتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، لەبارەی هەلی پەڕینەوەی تیپەکەی بەرۆژنامەڤانانی گوت، "با پێتان بڵێم، زۆر یاریی هەبووە کە ویستوومانە بیبەینەوە، بەڵام بەئاستی خۆمانەوە دەرنەکەوتووین و لە کۆتاییدا دۆڕاندوومانە. راستە ئێمە یارییەکەمان لە نیوکاسڵ بردەوە، بەڵام ئەمە لە سێ خاڵ گرنگتر بوو، گرنگ ئەوەبوو مێشکمان ئامادەبکات بۆ یاریی داهاتوو".
 
پێپ بەتایبەت باسی لە سەختیی هەڵوێستی یانەکەی کردووە لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ و دەڵێ، "هەمووان ئەگەری بردنەوە لە بێرنابیۆ دەزانن، ئەگەر لەبارەی هەلی سەرکەوتنمان لەوێ پرسیارم لێدەکەن، من دەڵێم نازانم، لەوانەیە لەسەدا یەک ئەگەری ئەوە هەبێت بپەڕینەوە بۆ قۆناخی داهاتوو، لەوانەیە لەوەش کەمتر بێت. بەڵام ئەوەندەی هەلمان لەبەردەستدابێت، هەوڵدەدەین بیقۆزینەوە".
 
سیتی ئەمساڵ لە باشترین دۆخی خۆیدا نییە، تیپەکە هەرزوو لاوازیی و دەستەوسانیی بەرامبەر رکابەرەکانی لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا پێشانداوە، راهێنەری یانەکە دەڵێ، "دەچینە ئەوێ بۆ ئەوەی هەمان ئەو شتە دووبارەبکەینەوە کە پێشتر کردوومانە. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە چەندین میل لە ئاستی پێشوومانەوە دوورین. ئەگەر هەموو وەرزەکە وەک دوایین یاریی خۆمان، یارییمان بکردایە، ئەوکات نەدەگەیشتینە پلەی بیست و دوو لە ریزبەندی چامپیۆنزلیگ، بێگومان ئەوکات لەشوێنێکی باشتر دەبووین".
 
پێپ گواردیۆلا کە وەرزی رابردوو لەگەڵ تیپەکەیدا نازناوی پرێمەرلیگی بۆ چوارەمجاری لەسەریەک بەدەستهێناوە، دووپاتیدەکاتەوە یانەکەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، باش نالەیزێت، دەڵێ "راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە ئاستمان لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان زۆر لاوازبووە، ئەوەشی کردمان بەرامبەر نیوکاسڵ، لە ئاستی باش، تەنیا یەک یارییە و هیچ لەو راستییانە ناگۆڕێت کە لەبارەی دۆخی تیپەکەوە دەیزانین. ئێمە هێشتا ئەوەندە باشنەبووین هەموو یارییەکانمان بەهەمان ئاستەوە ئەنجام بدەین، بەڵام بێگومان شتێکی باشە کە پاش بردنەوە ئینجا دەچینە مەدرید".
 
وێڕای هەموو ئەو رەشبینییانەی بەقسەکانی پێپەوە دیارن، بەڵام ئەو راهێنەرە دووپاتیدەکاتەوە کە تیپەکەی لەپێناو دوایین چانسی خۆیدا بۆ گەیشتنە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ دەجەنگێت، ئەو دەڵێ، "بیهێننە بەرچاوی خۆتان ئەگەر ئێمە ئەمجارەش لە دوا ساتەکاندا بدۆڕێین، ئەنجامی یاریی چوونمان خراپ بوو، پێنج خولەک بەرلەوەی یارییەکە تەواو بێت، ئێمە 2 بە یەک لەپێش بووین، کەچی لە کۆتاییدا دۆڕاین و ئێستاش دەکرێ هەمان شت دووبارە ببێتەوە، بەڵام ئەوەندەی هەل هەبێت، ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین و چاوەڕێ دەبین بزانین چی روودەدات".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە