باشترینەکانی عێراق خەڵاتکران و زاخۆ کۆنتڕۆڵی خەڵاتەکانی کرد

17-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن باشترینەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاهەنگی سۆکەر ستار، بۆ دەستنیشانکردنی باشترین کەسایەتیی وەرزشی و باشترین یاریزان و راهێنەران بۆ ساڵی رابردوو لە بەغدا بەڕێوەچوو و یانەی زاخۆ کۆنتڕۆڵی خەڵاتەکانی ئاهەنگەکەی کرد.
 
لە ئاهەنگەکەدا عەلی کازم، گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ وەکو باشترین گۆڵپارێزی عێراق بۆ ساڵی 2024 دەستنیشانکرا، تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری قەتەریی یانەی زاخۆ، وەکو باشترین راهێنەری خولەکە خەڵاتکرا، بەڵام بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی ئامادەی رێوڕەسمەکە نەبوو.
 
ئەمجەد عەتوان، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی زاخۆ، دوای ئەو ئاستە بەرزەی وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەکەی پێشکێشیکرد، وەکو باشترین یاریزانی عێراق دەستنیشانکرا.
 
هاندەرانی یانەی زاخۆ خەڵاتی باشترین هاندەرانیان لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا.
 
شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی یانەی هەولێر، تاکە یاریزانی کورد بوو خەڵاتی لە رێوڕەسمەکەدا بەدەستهێنا، بەڵام ئامادەی رێوڕەسمەکە نەبوو.
 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک، لە رێوڕەسمەکەدا وەکو باشترین کەسایەتیی گەنج لە بەڕێوەبردنی کارگێڕیی یانەکاندا دەستنیشانکرا و خەڵاتی پێدرا.
 
عەلی کازم، گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت " سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە سەرپەرشتی ئاهەنگەکەیان کرد، ئەمە دەستکەوتێکی بەبەهایە و پاڵنەر و ئومێدی گەورەمان دەداتێ بۆ بەدەستهێنانی زیاتر پشت بەخوا، ئەمەی بەدەستمان هێناوە لە خۆڕا نییە، بەڵکو ئەنجامی ماندووبوون و هەوڵدانی هەمووانە، بەتایبە کاپتن نەبیل عەوادی راهێنەری گۆڵپارێزان پشتبەخوا لە داهاتوودا دەستکەوتەکان باشتر دەبن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە