بارسێلۆنا دەیەوێت لە سێ مەدریدی بباتەوە و بچێتەوە پێشەنگی لالیگا

17-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا، کاتێک ئەمشەو بەرامبەر یانەی رایۆ ڤایکانۆ یاری دەکات.
 
لە دوایین یاریی گەڕی 24ـی لالیگا، ئەمشەو بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی رایۆ ڤایکانۆ یاری دەکات و یانەکە دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، بەتایبەت دوای ئەوەی هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدریدی یەکەم و دووەمی ریزبەند کەوتنە داوی یەکسانبوون و بلاوگرانا جارێکی دیکە لەبەردەم هەلی وەرگرتنەوەی پێشەنگی ریزبەندی خولەکەدایە.
 
بارسا لە ساڵی 2000ـەوە هیچ یارییەکی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی رایۆ ڤایکانۆ نەدۆڕاندووە، لە دوایین سێ یارییدا بەرامبەر ئەو یانەیە نەدۆڕاوە، لەم وەرزەی لالیگادا خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە و 64 گۆڵی لە 23 گەڕدا تۆمارکردووە، بەڵام ئەرکی یانەکە ئاسان نابێت، بەتایبەت کە رایۆ ڤایکانۆش لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی باشن و ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت " ئێمە تەماشای ریزبەندی خولەکە ناکەین. لە کۆتاییدا سەیری دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چی روویدا. کاروانێکی درێژمان لەبەردەمدایە، دەمانەوێت بزانین رادەی باشبوونی ئاستمان لەسەرەتای ساڵەوە چەندە. لە مەشقەکاندا هەستمکرد یاریزانەکانمان متمانەیەکی گەورەیان بەخۆیان هەیە و بڕوایان بەتواناکانی خۆیان هەیە و چێژ لە یارییکردن وەردەگرن. چێژ لە مەشقەکان و یارییکردن لەگەڵ هاوڕێکانیان وەردەگرن و ئەوەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە."
 
راهێنەری بارسا زیاتر دەڵێت "ئاگاداری ئەنجامی یارییەکانی هەردوو رکابەرەکەمانم، چونکە پێش یارییەکەی ئێمە ئەنجامدران و ئەنجامەکانیان پێڕاگەیاندم. بەڵام وەک گوتم، ئێمە تەنیا چاومان لەسەر خۆمانە و ئەمەش باشترین رێگەی مامەڵەکردنە لەگەڵ دۆخەکە. دەزانم هەمووان بایەخ بەوە دەدەن کێ پێشەنگی خولەکەیە، بەڵام بۆ ئێمە ئەوە گرنگە لە کۆتایی وەرزدا پێشەنگ بین."
 
فلیک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "من هەمووکات ئەوەم بەلاوە پەسندە کە بگەینە پێشەنگی خولەکە و لەوێ بمێنینەوە، بەڵام ئەمە هەموو جارێک روونادات و روونە کە نزیکییەکی زۆر لە نێوان تیپە گەورەکاندا هەیە لەم خولە و زۆر تیپیش هەن کە دەتوانن لە رکابەرەکانیان ببەنەوە، ئەمە بۆ هەمووان باشە و بۆ میدیاکانیش باشە، بێگومان خزمەتی تۆپی پێش دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە