کلۆپ.. ئایکۆنی داگیرکردنی لیڤەرپوول بەماوەیەکی کەم


رووداو دیجیتاڵ

"سوپرایز و سەرنجڕاکێش بوو"، ئەمە بەناوبانگترین قسەی یۆرگن کلۆپ بوو، کە بووە هۆکاری ناساندنی ئەو بە هاندەرە سەرسەخت و فراوانەکەی بۆرووسیا دۆرتمۆند. کلۆپ لە نۆڤێمبەری 2013دا، کاتێک تیشکی زۆری میدیایی لەسەربوو، بووە راهێنەری یانە ئەڵمانییەکە، ئەوکات ئەو ئەستێرەیەک بوو، لە هەموو دونیادا هەواداری هەبوو، بەتایبەت لە ئینگلتەرا.
 
هاوینی ئەوساڵە، مانچێستەر سیتی و چێڵسی بەشوێنیەوەبوون تاوەکو بیکەنە راهێنەری خۆیان. بەڵام ئەو خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئارسیناڵ ئامادە دەکرد، کە یەکێکی دیکە بوو لە رکابەرە هاتووەکان لە پرێمەرلیگەوە، کاتێک لە یارییەکی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا دەبوو رووبەڕوویان ببێتەوە. ژمارەی زۆری هاندەرانی ئارسیناڵ، ئەوکات پێیانوابوو کلۆپ باشترین شوێنگرەوەی ئارسین ڤینگەری راهێنەری ئەوکاتی یانەکەیانە. بەڵام ئەو راهێنەرە فەرەنسییە تاوەکو 2018 لە مەشقدانی ئارسیناڵ بەردەوامبوو. ئەوەی زیاتر کلۆپی لای هاندەرانی ئارسیناڵ خۆشەویست کردبوو، لێکچوونی زۆری بوو لەگەڵ ڤینگەردا. ئاراستەی کارکردن، پێگەیاندنی یاریزانە لاوەکان، شێوازی خۆشبژێوی و ستایلی دروستکردنی تیپ.
 
کلۆپ ئەو بەراوردکارییەی بەدڵنەبوو، ئەو دۆخەکەی بەژەنینی کەمان ناوبرد، "ئەو حەز بەکۆنترۆڵی تۆپ و یاریکردن بەتۆپ دەکات، پاسدان.. ئەو لە ئۆرکێسترا دەچێت، بەڵام لە راستیدا گۆرانییەکی بێدەنگە.. هەرچی منم، حەزم لە مۆزیکی میتاڵی قورسە".
 
ئەوکاتەی کلۆپ ئەم قسانەی دەکرد، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤانی ئینگلیزیدا هەبوو، بەدڵنیاییەوە هەمووان وردەکارییەکانی ئەو دیدارەیان لەبیرە. بەشێوەیەکی گشتی، کلۆپ سەرنجڕاکێشییەکی زۆری تێدایە، لەگەڵ پێکەنینە بەرزەکەی و هێزی ئامادەبوون و کەسایەتی، لەپاڵ وزەبەخشی، کە وا دەکات ئەو مەیلداربێت بەلای کەسایەتیی قەرەقۆزدا، هەندێکجاریش لە شێوەی کەسێکی تەقیوەدا دەردەکەوێت. لە راستیدا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کلۆپ، کە سیفەتی کەسایەتییە مەزنەکانە، لێهاتووییەتی لە پەیوەندیکردن. ئەوکات روون بوو کە رووگەی داهاتووی ئەو لە دەرەوەی ئەڵمانیا پرێمەرلیگ دەبێت، ئەگەرچی ئەو دەیگوت تاوەکو 2018 جێگۆڕین روونادات، چونکە ئەو ماوەیەکی کەمبوو گرێبەستەکەی نوێکردبووەوە لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتمۆند. وێڕای ئەوەش، دەکرێ ژیان بەردەوام لەبەردەم چارەنووستدا بوەستێتەوە و قسەی خۆیت بەسەردا بسەپێنێت.
 
ئەوکات، مانچێستەر یونایتد چاودێریی کلۆپیان دەکرد. سێر ئەلێکس فێرگسۆنی خانەنشین، وەرزی پێشتر ئەوی لە وێمبڵی بینیبوو لەکاتی دۆڕانی تیپەکەی کلۆپ بەرامبەر بایرن میونشن لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، سێر سووربوو لەسەرئەوەی بەتایبەت پیرۆزبایی ئاستی تیپەکەی لێبکات. کاتێک رۆیشتن و گۆڕانکاری بەرجەستەبوون، تەنیا یەک شوێن هەبوو تەواو گونجاوبێت بۆ کلۆپ و هاوئاهەنگیی نێوانیان نموونەیی بێت، ئەو شوێنە لیڤەرپوول بوو.
 
هەر ئەوەش روویدا کە پێشبینی دەکرا، کلۆپ شوێنی بۆخۆی کردەوە لە نێو ئەفسانەکانی مەشقدان لە پرێمەرلیگ، ناوی خۆی لەپاڵ سێر ئەلێکس فێرگسۆن و ڤینگەر، پێپ گواردیۆلا و جۆزێ مۆرینیۆدا نووسییەوە. لەگەڵ راگەیاندنی لەناکاوی ئەو، بە نزیکبوونەوەی وادەی رۆیشتنی لە لیڤەرپوول و دابەزینی وزەی، ئیدی روونە کە لە کۆتایی وەرزدا دەڕوات و لەو ساتەوە، هەزاران نامە و پەیامی خەمباریی بەو گەیشتوون، بەرادەیەک کە قسە بەناوبانگەکەی ڤینگەرمان بیردەهێنێتەوە کاتێک لە پاش بڕیاردان لە رۆیشتن لە ئارسیناڵ گوتی، "ئیدی پێویستم بەمردن نییە، چونکە ئێستا دەزانم مردن چۆنە".
 
ئێستا، فۆکەس خستنە سەر ئەو نۆ ساڵەی کلۆپ لە لیڤەرپوول بەسەریبردن، لەوانەیە هەوڵەکانی ئەو بۆ دەرچوونێکی ناوازە و کۆتاییەکی نموونەیی لە یانەکە بخاتە بەردەم کێشە. لەبەرئەوەی کلۆپ دەبێ تاوەکو کۆتایی، شەڕ لەسەر ئەوە بکات و لە راستیشدا خۆی هەر ئەوە دەزانێت کە تەنیا یەک وێنە هەیە بۆ چوونە دەرەوە گونجاو بێت: جەنگانی هەموو رۆژ و پێشاندانی ئەوپەڕی ئاست.
 
راهێنەرە 56 ساڵییەکە، نازناوی هەموو پاڵەوانێتییە گەورەکانی لەگەڵ لیڤەرپوولدا بردووەتەوە، بەڵام وێڕای ئەوەش، ئەو سەرکەوتنانە هاوتای خەونەکانی ئەو نەبوون. 
 
تاوەکو ئێستا، فێرگسۆن خەم بۆ ئەوە دەخوات لە ماوەی کارکردنی لە مانچێستەر یونایتد، تەنیا دوو نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە، لە کاتێکدا کلۆپ دەیتوانی لەگەڵ لیڤەرپوول سێ نازناو بباتەوە، ئەگەر دووجار بەرامبەر ریال مەدرید یاریینەکردایە لە یاریی کۆتاییدا.
 
هەرچی بردنەوەی نازناوی خولی پرێمەرلیگە، ئەو بێبەختبوو لەوەدا کە رووبەڕووی ماشێنەکەی پێپ گواردیۆلا بووەوە لە مانچێستەر سیتی. لیڤەرپوول لە نێوان ساڵانی 2019 تاوەکو 2022، لە 92 خاڵ تاوەکو 97 خاڵی بەدەستدەهێنا لە هەر وەرزێکدا، بەڵام ئەوە بەسنەبوو بۆ ئەوەی نازناوەکە بباتەوە.
 
کلۆپ دەیەوێت نازناوی دیکەی گەورە بخاتە پاڵ ئەو حەوت  نازناوە گەورەیەی لەگەڵ یانەکە بەدەستیهێناوە، بەرلەوەی بڕوات. ئەمڕۆ تیپەکەی لە سێ بەرەی نێوخۆیی و خولی ئەوروپیدا دەجەنگێت.
 
لە کۆبەندی بەدەستهێنانی زۆرترین نازناودا، کلۆپ وەک راهێنەرێکی خاوەن مێژوو دەردەکەوێت. فێرگسۆن کە ناوازەترینی لیستی نموونەییترین راهێنەرانی مێژووی پرێمەرلیگە و 38 نازناوی هەیە، ئارسن ڤینگەر 17 نازناو، گواردیۆلا 16 نازناو و بەردەوامیشە و مۆرینیۆ 11 نازناو.
 
ژمارەکان دووپاتیدەکەنەوە، کلۆپ سێیەم باشترین تۆماری کۆکردنەوەی خاڵی لە یارییەکانی پرێمەرلیگدا هەیە، دوای گواردیۆلا و فێرگسۆن، لە کاتێکدا پێش مۆرینیۆ و ڤینگەر کەوتووە. رێژەی بەدەستهێنانی خاڵەکانی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 60،7ە، ئەوەش بەرزترە لە هەر راهێنەرێکی دیکەی مێژووی لیڤەرپوول. هەرچی پەیوەندی بە بابەتە نابەرجەستەکانەوە هەیە، کلۆپ سەرکەوتنی زۆر گەورەتری بەدەستهێناوە. ئەو بابەتانەش پەیوەندییان بەشێوازی یارییکردن، جۆشوخرۆشی نێو یاریگەوە هەیە و لە منداڵدانی ئەو بوارانەوە پشتگیریی گەورەی هاندەران بۆ کلۆپ لە لیڤەرپوول دروستبووە. زۆرینەی کات تیپەکەی کلۆپ، توانای رکابەریی و چێژبەخشینی هەبووە، ستایلەکەی ئەو رۆڵی هەبوو لە نوێکردنەوەی ستایلی یاریکردنی تۆپی پێی ئینگلتەرا.
 
بەرلەهەر شت، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ بابەتی پەیوەندی، کە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی کلۆپ ئەو رێزە گەورەیە لە نێو لیڤەرپوولدا بەدەست بهێنێت و پێزانینی هەمووانی هەبێت، ئەگەرچی هاندەرانی هەندێک یانەی دیکە ئیرەیی پێببەن. پرسیار ئەوەیە: هاندەرانی یانەکانی دیکەی پرێمەرلیگ، جۆشوخرۆشەکانی ئەو لەسەر هێڵی یاریگە بێزاریان دەکات؟ بەدڵنیاییەوە بەڵێ. بەڵام ئاخۆ ئەوان هەمان سۆزی راستگۆیانەیان لە راهێنەرەکانی خۆشیان ناوێت؟ وەڵامی ئەمەش هەر بەڵێیە. لەگەڵ کلۆپدا، بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بەسەپاندنی خۆی بەسەر یانەکەیدا نەبوو، ئەگەرچی ئەوە هۆکارێکی روونە. بەڵام لە رێگەی شێوازە تایبەتەکەی خۆیەوە، کلۆپ سەرکەوتوو بوو لە کاریگەریی دروستکردن لەسەر بیرکردنەوەی گەورەی کۆمەڵگاکە کە شاری لیڤەرپوولە، ئەمەش بووە هۆکاری دروستکردنی پابەندی بە ناسنامە و کاری بەکۆمەڵ.
 
کلۆپ کاتێک رۆیشتنی خۆی راگەیاند گوتی، "شاناز دەبم ئەگەر تاکێک بم لە لیڤەرپوول و پێموایە ئەوە گەورەترین دەستکەوتی ژیانم دەبێت، ئەوە کارێکی ناوازەیە. پێموایە ئەو شێوازەی خەڵکی لیڤەرپوول هەیانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگییەکاندا، نموونەیەکە شایستەی تێڕامانە، من لێرە زۆر شت فێربووم". لە راستیدا کلۆپ توانی دڵی خەڵکی لیڤەرپوول بۆخۆی ببات، ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی هاوئاهەنگە لەگەڵ بەهاکانی شارەکەدا. 
 
کلۆپ کەسێکی زۆر رۆمانسییە، حەزدەکات یاریزانەکانی بەکەسانی ئازا پێشان بدات، کە لێبڕاوانە کاردەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەوانەی پارەیان لەوان زیاترە.
 
ئەو پێشتریش هەمان شتی کردووە، کاتێک لە بۆرووسیا دۆرتمۆند بوو بەرامبەر بایرن میونشن. ئەم هەنگاوە لێهاتووانەیە، سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانەوەی رۆحی متمانە لە لیڤەرپوولدا.
 
کاتێک کلۆپ رۆیشتنی لە لیڤەرپوول راگەیاند، هەروەها گوتی، پێیوابوو "ئاستی وزەی کارکردنی لەبن نەهاتووە، بەڵام ئێستا وانییە". ئەم قسەیە هەندێکی بەئاراستەی ئەوەدا برد تاوەکو لێکدانەوەی دیکە بۆ رووداوەکە بکەن، لێکدانەوەیەکی زیاتر مشتومڕهەڵگر یان بیردۆزەی ناپاکی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو چیرۆکەی ئەو خستوویەتییە روو، بەتایبەت لە رووی ویستی وازهێنانێکی بەهێز و هاوتاوە، وەکخۆی دەمێنێتەوە.
 
ئێستا دەکرێ بگەڕێینەوە بۆ شەوەکەی ئەو لە فولهام، پاشئەوەی تیپەکەی گەیشتە یاریی کۆتایی فا کەپ. ئەوکات هاندەران دروشمێکیان بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو، "خۆت بخە شوێنی ئێمە و هەستمان پێبکە". کلۆپ وەڵامی دایەوە، هەڵوێستی زۆر لەوە ناخۆشترم بینیوە.
 
بەڵام دوای ئەو شەوە، ئەو دەستبەجێ کەوتە ژێرباری گوشاری یارییە لەسەریەکەکان، ئەوکات گوتی، "خۆتان بهێننە شوێنی ئێمە، کارەکە ئەوەیە کە دەبێ هەموو یارییەکان ئەنجام بدەین و ئەوەش شتێکە ئەنجامدانی وەک بینینی مایەی دڵخۆشیی نییە".
 
ئارسن ڤینگەر راهاتبوو بڵێ، "لە رووی توانای جەستەییەوە، دەبێ وەک ئاژەڵی کێوی بیت لەمکارەدا". هەرچی گواردیۆلایە، لە دوای بارسێلۆناوە لە 2012، پێویستی بەساڵێک پشوو هەبوو بۆ گەڕانەوە. بەڵام تاوەکو ئێستاش هەمووان پرسیار لەبارەی هۆکاری راستەقینەی وازهێنانی کلۆپەوە دەکەن. گرنگترین شتیش ئەوەیە کە لیڤەرپوول کاتی پێویستی لەبەردەستدابێت، بۆ ئەوەی پلان بۆ داهاتوو دابنێت.
 
کلۆپ زوو ویستی خۆی بۆ رۆیشتن ئاشکراکرد، ناشیەوێت ئەو یارییانەی یانەکە ماونی تاوەکو کۆتایی وەرز، ببێتە کارێکی کەسیی، بەڵام ئەوە زەحمەتە. لەوانەیە ئەم ماوە درێژە بۆ ماڵئاوایی، زیاتر یاریزانەکانی هان بدات.
 
دۆخەکە هاوشێوەی راگەیاندی فێرگسۆنە کاتێک لە ئایاری 2001دا گوتی ئەمە دوا وەرزمە لەگەڵ مانچێستەر یونایتد. ئەمە کارێکی هەڵە بوو، ئەو راهێنەرە دواتر دانیپێدانا و گوتی، "قسەکانی من لەبارەی رۆیشتنمەوە، ویستی یاریزانانی کوشت".
 
فێرگسۆن لەدوای ئەوە لە یەنایەردا، لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەوە و تاوەکو 2013 لە پۆستەکەی مایەوە. فێرگسۆن کاتێک هات و رۆیشتنی خۆی لە یانەکەی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو راگەیاند، کە وەرزەکە تەنیا دوو یاریی مابوو. لە بەرامبەردا، ناکرێ دۆخەکە بەرۆیشتنی مۆرینیۆ لە پرێمەرلیگ بەراورد بکرێت، چونکە ئەو نەیتوانی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر یانەکانیدا بسەپێنێت، بەڵام دۆخەکە لە دۆخی ڤینگەر دەچێت، کە ئەویش لە کاتێکدا تیپەکەی حەوت یاریی مابوو بۆ کۆتایی وەرزی 2017 - 2018، لە بڵاوکراوەیەکدا، ویستی خۆی بۆ رۆیشتن لە یانەکەی راگەیاند.