ڤیدیۆ؛ ئەمڕۆی پرێمەرلیگ جیاواز و ئاگرین دەبێت

17-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
پرێمەرلیگ
پرێمەرلیگ
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گەڕێکی نوێیە و رکابەرییەکە دەگاتە لووتکە، لیڤەرپوولی پێشەنگی پرێمەرلیگ بە بیرەوەرییە ناخۆشەکانی وەرزی رابردووە دەچێتەوە یاریگەی گریڤین پارک و رووبەڕووی برێنتفۆرد دەبێتەوە.
 
رێدز لە دوایین سەردانیدا بۆ ئەو یاریگەیە سێ گۆڵی لێکرا و دۆڕا، ئەمجارە دۆڕان ئەوان لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە دەهێنێتە خوارەوە، لەکاتێکدا مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ بەدواوەیەوەن و هەر هەڵەیەک بۆ ئەوان هەلێکە بۆ گەیشتن بە پلەی یەکەمی ریزبد.
 
پێکهاتەی یۆرگن کڵۆپ بۆ یارییەکە ئامادەیە، محەممەد سەڵاح گەڕاوەتەوە نێو مەشقەکان و دەیەوێت ناخۆشییەکانی کرانە دەرەوە لە جامی ئەفریقا بەرامبەر برێنتفۆرد بکاتە خۆشی، لەکاتێکدا فیرعەونە میسرییەکە 4 یاریی بەرامبەر ئەو یانەیە کردووە و 4 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
یانەی ئارسیناڵ، دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بردنەوە گەورەکەی گەڕی رابردوو لە بەرامبەر وێستهام بکاتە هەنگاوێک بۆ بردنەوە لە بێرنلی و درێژەدان بە رکابەریکردن لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولەکە.
 
ئارسیناڵ لە چوار یاریی رابردووی پرێمەرلیگدا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، ئەوان ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندن و لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان دەبنە میوانی بێرنلی.
 
گانەرز لە دوایین 4 یارییدا بە بێرنلی نەدۆڕاوە، رکابەرەکەیان ئەنجامەکانی خراپن و لەلێواری دابەزیندایە، بۆیەش دەیەوێت سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت، بۆ ئەوەی هیوایەک بۆ هاندەرانی بگەڕێنێتەوە لەکاتێکدا لە 24 یارییدا تەنیا 3 بردنەوەی هەیە.
 
دوایین یاریی ئەمڕۆی پرێمەرلیگ، یاریی لووتکەی نێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و چێڵسی دەبێت، لە یاریگەی ئیتیحاد.
 
مانچێستەر سیتی دوای ئەوەی بەبردنەوە لە کۆپێنهاگنەوە گەڕایەوە دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و سوود لە هەر هەڵەیەکی لیڤەرپوول وەربگرێت بۆ گەیشتن بە پێشەنگی پرێمەرلیگ، لەگەڵ ئەوەشی کە یارییەکی کەمتری لە تیپەکانی دیکە ئەنجامداوە.
 
سیتی 12 یارییە لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا نەدۆڕاوە، یارییەکەی ئەمڕۆشی لە یاریگەی خۆیدایە و بەرامبەر یانەیەکە کە پڕە لە کێشە و هەڵبەز و دابەزی زۆر.
 
یاریی یەکەمی ئەم دوو یانەیە لەم وەرزەدا، یەکێک بوو لە یارییە سەرنجڕاکێش و پڕ لە رکابەرییەکان، کاتێک 4-4 کۆتاییهات، چێڵسی لە یارییەکەدا بدۆڕێت، زیاتر لە رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی بلیتێکی ئەوروپی دووردەکەوێتەوە، مان سیتی بدۆڕێت، هەلێک دەداتە لیڤەرپوول لە پێشەنگ بمێنێتەوە و ئارسیناڵیش بگەڕێتەوە پلەی دووەم، بۆیەش دۆڕان بۆ هەردوولا زیانێکی گەورەیە.
 
دۆڕانی چێڵسی لە یارییەکەی ئەم ئێوارەیەدا، تووڕەیی هاندەرانی زیاتر دەکات و پۆچێتینۆش لە دوورخستنەوە لە راهێنەرایەتیی یانەکە نزیکتر دەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە