چاوەڕواننەکراو.. ئەستێرە مێژووییەکەی ریال مەدرید ماڵئاوایی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی کرواتی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نزیکە لە بەجێهێشتنی یانەکە و کارلۆ ئەنچێلۆتیش باسی داهاتووی یاریزانەکە دەکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن " مۆدریچ پێشکۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزە ریزەکانی ریال مەدرید بەجێدەهێڵێت و پەیوەندی بە یەکێک لە خولەکانی ئەمریکا یان سعودیە دەکات، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆری یانە لەسەر ئاستی هەردوو خول رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن."
 
لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ، کارلۆ ئەنچێلۆتی گوتی "سیاسەتی یانەکە بەو شێوەیەیە ساڵ لە دوای ساڵ گرێبەستی یاریزانە بەتەمەنەکان نوێدەکاتەوە، من لەوە زیاتر شتێکی دیکە نازانم، پێش مانگێک قسەم لەگەڵی کردووە و هەموو شتەکان باشن، لە کۆتاییدا ئەوە بڕیاری خۆیەتی و بزانین چ بڕیارێک دەدات."
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی، ریال مەدرید ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەوەی پێشکۆتاییهاتنی ئەم وەرزە، رۆیشتنی مۆدریچ لە ریزەکانی یانەکەی رابگەیێنێت.
 
کارگێڕیی ریال مەدرید دەیەوێت لە کۆتایی وەرزدا ماڵئاواییەکی شایستە لە لوکا مۆدریچ بکات، بە ئامادەبوونی هاندەران رێوڕەسمێکی گەورەی بۆ رێکبخات و رێز لەو مێژوویە گەورەیە بگرێت کە لەگەڵ یانەکە هەیەتی.
 
مۆدریچ تەمەنی 38 ساڵە، یانەکانی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، نەسڕ و ئیتیحادی سعودی کار بۆ گواستنەوەی دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا یاریزانەکە بڕیاری خۆی نەداوە.
 
لوکا مۆدریچ لە ساڵی 2012 لە یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزییەوە پەیوەندیی بە ریال مەدریدەوە کرد، 24 نازناوی جیاوازی لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە کە 5 لەوانە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپان.