مانچێستەر یونایتد دەیەوێت چوار بە یەک لەگەڵ بارسێلۆنا بکات

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دەیەوێت چوار یاریزانی بفرۆشێت لەپێناو بەدەستهێنانی تواناکانی ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا.
 
چارەنووسی فرێنکی دی یۆنگی یاریزانی هۆڵەندی لەگەڵ بارسێلۆنا روون و ئاشکرا نییە، بەهۆی ئەوەی ناکۆکی کەوتووەتە نێوان خۆی بەرپرسانی بارسا، کە داوایلێدەکەن مووچەکەی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکەنەوە، بەڵام یاریزانەکە رازی نییە و ئەگەر بەهەمان مووچەی ئێستای بۆی نوێ نەکەنەوە ئامادە نییە نوێیبکاتەوە و تەنانەت هەڕەشەی رۆیشتنیش دەکات. 
 
ئەو یاریزانە هۆڵەندییە چەندینجار ناوی بەستراوەتەوە بە چوونە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە لە کامپ نو بڕوات، لە هەمانکاتدا رەتیکردووەتەوە پابەندی خواستەکانی بارسێلۆناش بێت، لەبارەی کەم کردنەوەی مووچەکەی.
 
ئێستا ناوی دی یۆنگ جارێکی دیکە بەستراوەتەوە بە یانە ئینگلیزییەکە، کە بەپێی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی، لەنێویاندا رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی، مان یونایتد جارێکی دیکە هاتووەتەوە سەرهێڵ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرە هۆڵەندییەکە، کە هەمیشە خواستی ئێریک تین هاگی راهێنەری هۆڵەندی یانەی شەیتانە سوورەکان بووە.
 
رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێسی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر یونایتد ئەمجارە پلانێکی نوێی هەیە بۆ هەوڵدان بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکەی دی یۆنگ.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، مانچێستەر یونایتد بڕیاریداوە دەستبەرداری چوار یاریزانی ببێت لەپێناو ئەوەی دی یۆنگ بگوازێتەوە، یاریزانەکانیش بریتین لە ماسۆن گرینوود، ئانتۆنی، جادۆن سانچۆ و سکۆت ماکتۆمینای.
 
بەگوێرەی دەیلی ئێکسپرێس، مانچێستەر یونایتد دەیەوێت ئەو چوار یاریزانەی پێشکێشی بارسێلۆنا بکات لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە دی یۆنگ، لەبری ئەو 100 ملیۆن یۆرۆیەی کە بەپێی هەندێک سەرچاوە بارسێلۆنا داوای دەکات بۆ فرۆشتنی یاریزانەکەی.