رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەتەواوی لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید نزیکبووەتەوە، میدیای ئیسپانیا مەرجەکانی یانەی شاهانە بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە ئاشکرا دەکات.
ئێمباپێ شەوی هەینی دوو وێنەی بە جلوبەرگی فەرمییەوە بڵاوکردەوە، کە جانتایەکی بەدەستەوەیە و لە میدیادا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، کە وا لێکدەدرێتەوە ئیدی کاتی رۆیشتنە و یاریزانەکە دەیەوێت بڕوات.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، پرسی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید یەکلابووەتەوە، چەند هەفتەی داهاتوو بابەتەکە دەبێتە رابردوو و یاریزانەکە دەبێتە یاریزانی ریال مەدرید، ئەمجارە هەموو شتێک تەواو بووە و یاریزانەکە بە ریال مەدریدی گوتووە بەڵێ ئامادەم بێمە یانەکە.
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت، ناسڕ خلێفی دەیەوێت لە کۆتایی وەرزدا، ئێمباپێ بەشێوەیەکی زۆر جوان لە یانەکە بەڕێبکرێت، ئیدی پرسی رۆیشتنی یاریزانەکەی قبوڵکردووە، رۆژی هەینی، یاریزانانی پاریس سانجێرمان پێشوازییان لە چوونی یاریزانەکە کردووە و ئەوە بۆ کەس چاوەڕواننەکراو نەبووە.
ریال مەدرید دەیەوێت درێسی ژمارە 9 بداتە ئێمباپێ، بەڵام یاریزانەکە بەوە رازی نییە و درێسی ژمارە 10 وەردەگرێت، لە ئەگەری رۆیشتنی مۆدریچ، لە هاوینی داهاتوودا.
یانەی ریال مەدرید ئەگەر ئێمباپێ بباتە یانەکەی، ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ ناکات کە پاریس سانجێرمان لەگەڵی دەکرد، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان چەند مەرجێکی ریال مەدرید بۆ یاریزانەکە ئاشکرا دەکەن.
یەکەم؛ هەرکاتێک بەفەرمی رۆیشتنی لە پاریس راگەیێنرا، ریال مەدرید دەستەوارەی فەرمی پێشکێش دەکات.
دووەم؛ ریال مەدرید ئامادەنییە 100 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە بداتە ئێمباپێ، کە پاریس سانجێرمان ئامادەبوو پێی بدات.
سێیەم؛ مووچەی ساڵانەی ئێمباپێ لە ریال مەدرید 30 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، لەگەڵ پاداشتی پەیوەندیکردن بە یانەکەوە.
چوارەم؛ نابێت یاریزانەکە خۆی لە یاریزانەکانی دیکە پێ گەورەتر بێت و مامەڵەیەکی ئاسایی دەکات.
لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی چوونی یاریزانەکەوە بڵاوکراونەتەوە دەڵێت "ناتوانم هیچ بڵێم، پێویستە کارگێڕیی یانەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان قسە بکەن، هەر کاتێک ئەوان قسەیانکرد منیش رای خۆم وەک راهێنەر دەڵێم، بەڵام دووپاتیدەکەمەوە کە یانەکە لەسەرووی هەموو یاریزانێکەوەیە."
کیلیان ئێمباپێ، لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، پاریس سانجێرمان ئامادەیە 100 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە بداتە یاریزانەکە، بەڵام یاریزانەکە ئەمجارە دەیەوێت هەلی پەیوەندیکردنی بە ریال مەدریدەوە لە دەست نەچێت و رووبکاتە یانە ئیسپانییەکە.
ئێمباپێ لە 2018ـەوە لە یانەی پاریس سانجێرمان یاریی دەکات، 290 یاریی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامداوە، 240 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە و چەندین نازناوی جیاوازی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ