ئیمباپێ بە هاتریک گڕی لە کامپ نو بەردا

17-02-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان بارسێلۆنا کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتال

کیلیان ئێمباپێ سەرکردایەتی پاریس سانجێرمانی کرد بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر بارسێلۆنادا.

بارسێلۆنا لە یاری چوونی گەڕی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لەنێو کامپ نودا میوانداری پاریس سانجێرمانی کرد و جارێکی دیکە تووشی شکستێکی گەورە بوو، کاتێک 1 - 4 بە یانە فەرەنسییەکە دۆڕا.

لیۆنێل مێسی لە خولەکی 27 بە لێدانی سزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بارسا تۆمارکرد، بەڵام دوای تەنیا 5 خولەک کیلیان ئێمباپێ ئەنجامەکەی بۆ یانە فەرەنسییەکە یەکسان کردەوە.

لە نیوەی دووەمدا، پاریسییەکان باڵادەستی خۆیان بەسەر بارسا و یارییەکەدا سەپاند و زۆر باش لاوازیی هێڵی بەرگری کەتەلۆنییەکانیان قۆستەوە و ئێمباپێی پاڵەوانی یارییەکە لە خولەکی 65 گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.

لە کاتێکدا مێسی و هاوڕێکانی هەوڵیان بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە دەدا، مۆیس کین لە خولەکی 70 بەسەر گۆڵی سێیەمی بۆ پاریسییەکان هێنا، بەر لەوەی لە خولەکی 85 ئێمباپێ لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا گۆڵی هاتریکی خۆی و چوارەمی یانەکەی تۆماربکات.

بەم سەرکەوتنە فەرەنسییەکان قاچێکیان خستووەتە قۆناخی 8ـی پاڵەوانێتییەکە، کە پێشبینی ناکرێت بارسێلۆنا لە یاری گەڕانەوەدا، کە لە پاریس بەڕێوەدەچێت بتوانێت بگەڕێتەوە.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە