ڤیدیۆ؛ چوارەمی مۆندیال یەکەم یاریی خۆی لە جامی ئەفریقادا ئەنجام دەدات

17-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
مەغریب - تنزانیا 20:00
مەغریب - تنزانیا 20:00
نیشانەکردن هەڵبژاردەی مەغریب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئاستە نایابەکەیان لە مۆندیالی 2022 و سەرنجڕاکێشانی هەموو جیهان بۆ ئەوەی پێشکێشیانکرد، ئێستا کاتی دەرکەوتنێکی دیکەیە، کاتی هەنگاونانە بەرەو نازناوێک کە 48 ساڵە، وڵاتەکە خەونی پێیەوە دەبینێت.
 
هەڵبژاردەی مەغریب چوارەمی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، سوپرایزی گەورەترین پاڵەوانێتیی جیهان، یەکەم یاریی خۆی لە رکابەرییەکانی جامی ئەفریقادا ئەنجامدەدات و رووبەڕووی هەڵبژاردەی تەنزانیا دەبێتەوە.
 
پێکهاتەی مەغریبییەکان پڕە لە ئەستێرە و ناوی دیار، کە لەسەر ئاستی خولە جیاوازەکانی ئەوروپا یاریی دەکەن، ئەوەی ئەوان لە مۆندیالدا کردیان بووەتە هۆکاری ئەوەی هەمووان هەڵبژاردەکە وەک بەربژێری یەکەم بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی جامی ئەفریقا سەیربکەن و چاوەڕوانییەکانیش لەلایەن هاندەرانی ئەو هەڵبژاردەیە لە بەرزترین ئاستدان.
 
مەغریب لە 1976ـەوە ئەم نازناوەی نەبردووەتەوە و تەنیا یەکجار بووەتە پاڵەوان، ئەو کاتەی هەڵبژاردەکە نازناوەکەی بردەوە، وەلید رگراگی تەمەنی کەمتر لە 6 مانگ بوو، بەڵام ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەکەیە و دەیەوێت ئەو مێژووە بۆ خۆی تۆماربکات و وڵاتەکەی بە دووەم نازناو شادبکات.
 
ئەوانەی ئەمشەو بەرامبەر مەغریب یاریی دەکەن مێژوویەکی وایان لەسەر ئاستی کیشوەری نییە و یەکێکە لە هەڵبژاردە لاوازەکان، تەنزانیا تەمەنێکی گەورەی لە مێژووی تۆپی پێدا هەیە و هەڵبژاردەکە لە 1930ـەوە دامەزراوە، بەڵام پێشکەوتنێکی وای بەخۆیەوە نەبینیووە و هەڵبژاردەیەکی بەهێزیش نییە، بەڵام سەرکەوتنیان بۆ پاڵەوانێتییەکە لەلایەن رکابەرەکانییەوە جێگەی رێزە، بۆیەش ئەرکی مەغریبییە بەو رادەیە ئاسان نییە.
 
هەڵبژاردەی تەنزانیا تەنیا دووجار بەشداریی لە جامی ئەفریقادا کردووە، لە 1980 و 2019 بەڵام هەردوو جارەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکان نە پەڕیووەتەوە و هیچ بردنەوەیەکیشی لە رکابەرییەکانی جامی ئەفریقادا نییە.
 
مەغریب لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەرامبەر تەنزانیا یارییکرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمشەو ئەشرەف حەکیمی، حەکیم زیاش، یاسین بونۆ و ئەستێرەکانی دیکەی تیپەکە دەیانەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە لەو هەڵبژاردە هەنگاوەکانیان لە جامی ئەفریقادا دەستپێبکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە