نهێنییەکی نوێ لەسەر دەرکردنی مۆرینیۆ لە رۆما ئاشکرابوو

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیتاڵی، هەندێک نهێنی نوێی پشت دەرکردنی خۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی لە راهێنەرایەتی رۆما ئاشکراکرد، پێش ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی بێت.
 
یانەی رۆما دوێنێ بەفەرمی رۆیشتنی مۆرینیۆی لە پۆستی راهێنەری یانەکە راگەیاند، بەهۆی خراپی ئەنجامەکان، هەروەها دەستنیشانکردنی دانیێلی دی رۆسی، ئەستێرەی پێشووی تیپەکە لە شوێنی ئەو.
 
بەگوێرەی سکای سپۆرت ئیتاڵیا، رۆما بەنیازی ئەوەبوو مۆرینیۆ لە دوای یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ دەربکات، کە وەرزی رابردوو بەرامبەر سێڤییا بە لێدانی سزا دۆڕاندی، چونکە بێزاربوون لە هەڵسوکەوتەکانی ئەو راهێنەرە، کە بە بەردەوامی ناوبژیوانانی تۆمەتبار دەکرد.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دۆڕاندنەکە ئەوەندە بەرپرسانی رۆمای بێزاری نەکرد، ئەوەندەی تووڕەبوون لێی بەهۆی راگرتنی بۆ ماوەی 4 یاری، دوای ئەوەی لە گەراجی خوارەوەی یاریگەدا رەخنەی لە ناوبژیوان گرت. هەروەها بێزارن ئەوەندەی مۆرینیۆ بە بەردەوامی گلەیی لە ناوبژیوانان دەکات لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا.
 
سەرچاوەکە دووپاتیکردەوە کە تیاگۆ پینتۆ بەڕێوەبەری وەرزشیی و لینا سۆلۆکۆی بەڕێوەبەری جێبەجێکار راوێژیان پێنەکراوە سەبارەت بە بڕیاری دوورخستنەوەی مۆرینیۆ، هەروەها ئاگاداری بڕیارەکەی ئەمجارەی دوورخستنەوەی مۆرینیۆ نەبوون.
 
مۆرینیۆ لە 138 یارییدا سەرکردایەتی رۆمای کردووە و 68 بردنەوە و 30 یەکسانبوونی هەبووە و 40 یاری دۆڕاندووە، تیپەکەی 215 گۆڵی تۆمارکردووە، هاوکات 147 گۆڵی لێکراوە.
 
لەژێر سەرکردایەتی مۆرینیۆدا، رۆما یەکەم نازناوی ئەوروپای بەدەستهێنا، کاتێک پێش دوو وەرز بووە پاڵەوانی کۆنفرانسلیگ.