پۆستێکی نوێ بۆ زیدان لە فەرەنسا

17-01-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن زیدان، فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرەنسا باس لە پۆستێکی نوێ دەکەن بۆ زینەدین زیدانی ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەکەیان.
 
لە دوای دوورخستنەوەی نویل لوگرێ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا لە پۆستەکەی، پاشئەوەی سووکایەتی بە زیدان کرد و پاشان سکانداڵی سێکسی لێ ئاشکرابوو، ئێستا زیدان بەربژێرە بۆ بوون بەسەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا.
 
زیزۆ کە ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەی فەرەنسا بوو کاتێک هەڵبژاردەکە بۆ یەکەمجار نازناوی مۆندیالی لە 1998 بردەوە، نزیکبوو لەوەی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەڵام نوێکردنەوەی گرێبەستی دیدێ دیشان، ئەو خەونەی زیدانی لەباربرد.
 
تۆڕی 'لو سپۆرت 10' راپرسییەکی ئەنجامداوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسەی شایستەیە شوێنی لوگرێ بگرێتەوە. 32٪ی دەنگدەرانی راپرسییەکە، پێیانباشە زیدان ئەو پۆستە وەربگرێت، لە کاتێکدا 24٪ی دەنگدەران، دیدێ دیشان، بە شایستەی بوون بە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا دەزانن.
 
زیدان لە دوای بەجێهێشتنی مەشقدانی ریال مەدریدەوە، هیچ کارێکی لە نێو تۆپی پێدا نییە و بەشێک لە میدیای ئیسپانیا دەڵێن، زیدان جارێکی دیکە دەبێتەوە راهێنەری یانەی ریال مەدرید، ئەگەر کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر، لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە