هازارد بڕیارە قورسەکەی دا

رووداو دیجیتاڵ

ئیدین هازارد، ئەستێرەی بەلجیکی لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، بڕیاریداوە لە ریال مەدرید بڕوات.
 
بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، هازارد ماوەیەکە لە کارلۆ ئەنچیلۆتی تووڕەیە، بەڵام دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا هیچ یاری پێنەکرد، هازارد بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی داهاتووی لەگەڵ ریال مەدرید دا.
 
ریال مەدرید بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا، کە لەسەر یاریگەی شا فەهەد لە سعودیە بەڕێوەچوو، بە ئەنجامی 2-1 لە ئاتلێتیک بیلباوی بردەوە.
 
لەو یارییەدا کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید کۆمەڵێک گۆڕانکاری کرد، بەڵام یاری بە هازارد نەکرد، ئەمەش یاریزانە بەلجیکییەکەی تووڕە کردووە، تا ئەو راددەیەی کە بڕیاری داوە لە یانە دڵخوازەکەی بڕوات، سەرەڕای ئەوەی هەمیشە گوتوویەتی ریال مەدرید خەونی منە و بەردەوامیش هەواڵی رۆیشتنی لە سانتیاگۆ برنابیۆ رەتکردووەتەوە.
 
بەپێی میدیای مەدرید، رۆژەکانی ئێدین هازارد لەگەڵ ریال مەدرید کەمیان ماوە، بەو پێیەی یانەکەش خوازیاری دەستبەرداربوونە لە یاریزانەکە.
 
هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، ئاشکرایانکردووە کە ئەنچیلۆتی بە هازاردی گوتووە، لە پلانەکانیدا ئاسینسیۆ و رۆدریگۆ لەپێش ئەون، بۆیە ئەوەش هانیداوە کە بڕیارە بوێرانەکەی بدات.
 
میدیای بەریتانیاش باس لەوە دەکات کە هازارد دەیەوێت بگەڕێتەوە ریزەکانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، کە پێشتر وەک ئەستێرەی یەکەمی ئەو یانەیە چەندین ساڵ لە بەرزترین ئاستدا یاری کردووە.