هەموو شتێک لەبارەی خەڵاتەکانی زە بێست

رووداو دیجیتال

ئەمشەو سەرنجی سەرجەم هۆگر و هەوادارانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهاندا دەچێتە سەر ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زە بێست، کە ساڵانە یەکێتیی تۆپی پێی جیهان ئەنجامی دەدات بۆ دەستنیشانکردنی باشترینەکانی ساڵ.
 
ئەمشەو کاژێر 21:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە بارەگای فیفا لە شاری زیۆرخ لە سویسرا ئاهەنگەکە دەستپێدەکات، کە ئەمساڵ هەموو رێنماییەکانی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرێنەبەر. 
 
دوایین یاریزان خەڵاتەکەی بردبێتەوە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ئەستێرەی پۆڵەندی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییە، کە لە ساڵی 2020 بەدەستیهێنا و ئەمساڵیش یەکێکە لە 3 بربژێرە سەرەکییەکەی خەڵاتەکە.
 
گەڕانەوەی خەڵاتەکە
 
ساڵی رابردوو دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، فیفا بڕیاریدا خەڵاتەکانی زە بێست هەڵبوەشێنرێنەوە، بەڵام دواتر فیفا پێداچوونەوەی بە بڕیارەکەیدا کرد و دواجار بڕیاریدا خەڵاتەکە بگەڕێتەوە.
 
پێشتر زۆر لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە بەرپرسانی فیفا لە ژێر کاریگەری گوشاری چەند لایەن و کەسیەتییەکدا پاشگەزبوونەتەوە و بڕیاریانداوە جارێکی دیکە خەڵاتەکە بگەڕێننەوە، بەتایبەتیش بەرپرسانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی کە پێیانوابوو راهێنەر و یاریزانەکانی شایەنی زۆرترین خەڵاتەکانی فیفان، بەتایبەتیش رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی، کە نزیکترین و بەهێزترین بەربژێر بوو بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە و هەرواش دەرچوو.
 
خەڵاتەکان
 
لە ئاهەنگی زە بێستدا کۆمەڵێک خەڵات دابەش دەکرێن، بەڵام بێگومان خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین یاریزانی پیاو گرنگترینیانە. خەڵاتەکان ئەمانەن:
 
ــ باشترین یاریزان
ــ باشترین خانمە یاریزان
ــ باشترین راهێنەری پیاو
ــ باشترین راهێەنری خانمان
ــ باشتری گۆڵپارێز
ــ باشترین خانمە گۆڵپارێز
ــ خەڵاتی پۆشکاش بۆ جوانترین گۆڵ
ــ خاڵاتی فیفا بۆ هاندەران
ــ خەڵاتی یاریی خاوێن
ــ تیپی فيفپرۆ بۆ پیاوان
ــ تیپی فيفپرۆ بۆ خانمان
 
 
بەربژێرەکان
 
وەک هەموو ساڵ فیفا ئەمساڵیش چەند خەڵاتێک دەبەخشێت، کە گرنگترینیان خەڵاتی باشترین یاریزانی پیاوە، هەروەها خەڵاتی باشترین راهێنەر. 
 
باشترین یاریزان
 
1 - لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی
2 - رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی، یاریزانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی
3 - محەممەد سەڵاح، یاریزانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی
 
باشترین خانمە یاریزان
 
1 - جنێفەرهێرمۆسۆ، خانمە یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی
2 - سام كێری، خانمە یاریزانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی
3 - ئەلێكسيا پوتياس، خانمە یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی
 
باشترین راهێنەر
 
1 - پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی
2 - رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
3 - تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی
 
باشترین راهێنەری خانمان 
 
1 - لویس کۆرتێس، راهێنەری تیپی خانمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی
2 - ئیما هایس، راهێنەری تیپی خانمانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی
3 - سارینا ڤیگمان، راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی هۆڵەندا - ئینگلتەرا
 
باشترین گۆڵپارێز
 
1 - جیانلویجی دۆنارووما، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
2 - ئیدوارد میندی، گۆڵپارێزی یانەی چێڵسی ئینگلیزی
3 - مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی
 
باشترین خانمە گۆڵپارێز
 
1 - ئان کاترین، گۆڵپارێزی یانەی چێڵسی ئینگلیزی
2 - کریستین ئیندلەر، گۆڵپارێزی یانەی لیۆن - پاریس سانجێرمان
3 - ستیفانی لابێ، گۆڵپارێزی یانەی پاریس سانجێرمان
 
بەربژێرانی خەڵاتی پۆشکاش بۆ جوانترین گۆڵ
 
1 - ئێریک لامێلا، یاریزانی یانەی تۆتێنهام - لە یاریی ئارسیناڵ و تۆتێنهام لە پرێمەرلیگدا
2 - پاتریک چیک، یاریزانی هەڵبژاردەی چیک، لە یاریی چیک و سکۆتلەندا لە یۆرۆی 2020
3 - مەهدی تاریمی، یاریزانی یانەی پۆرتۆ - لە یاریی چێڵسی و پۆرتۆ لە چامپیۆنزلیگدا
 
باشترین جەماوەر
 
1 - جەماوەری فینلەندا و دانیمارک
2 - جەماوەری بوندێسلیگا
3 - ئيمۆجين بابفۆرس هايديل
 
 
باشترین چۆن دیاریدەکرێت؟
 
فیفا لەسەر بنەمای ئەو دەستکەوت و ئامارانە بەربژێرەکانی دیاریدەکات، کە لە ماوەی نێوان 8ـی مانگی 7ـی 2020 تاوەکو 7ـی 10ـی 2021 بەدەستیانهێناون.
 
هەڵبژاردنی باشترینەکانیش لە رێگەی دەنگدانەوە دەبێت، کە بە 4 شێواز دەنگ دەدرێت. 
 
راهێنەرانی هەڵبژاردەی وڵاتان 25٪ـی دەنگەکان دەدەن. کاپتنەکانی  هەڵبژاردەی وڵاتانیش 25٪ـی دەنگەکان دەدەن و رۆژنامەڤانانیش 25٪ـی دەنگەکان دەدەن، هەروەها 25٪ـی دەنگەکانیش لە لایەن جەماوەرەوە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەدرێت.
 
لە هەر یەکێک لەم پرۆسانەی دەنگداندا، هەر کەسێک مافی دەنگدان بە 3 بەربژێری هەیە، کە دەنگی یەکەم 5 خاڵی لەسەرە و دەنگی دووەم یەکسانە بە 3 خاڵ و سێیەم دەنگیش تەنیا خاڵێکی لەسەرە، لە کۆتاییدا هەموو دەنگەکان کۆدەکەنەوە و خاوەنی زۆرترین خاڵ بە باشترین دەستنیشان دەکرێت.
 
براوەکانی خەڵاتەکە
 
تەنیا 4 یاریزان خەڵاتی زە بێستیان بردووەتەوە، بەو ناوە نوێیەوە، واتە دوای ئەوەی خەڵاتی باشترینی فیفا لەگەڵ فرانس فۆتبول جیابووەوە، لە ساڵی 2016 فیفا خەڵاتی زە بێستی گەڕاندەوە، کە لەو کاتەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دووجار بەدەستیهێناوە، لە ساڵانی 2016 و 2017، ئینجا لوکا مۆدریچی یاریزانی کرواتی لە ساڵی 2018 خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە و لیۆنێل مێسیش بووە خاوەنی زە بێستی 2019، دوایینجاریش رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی خەڵاتی 2020ـی بردەوە.
 
کێ دەیباتەوە؟
 
کەس نازانێت کێ خەڵاتەکە دەباتەوە، چونکە براوەکە لە رێگەی دەنگدانەوە دەستنیشان دەکرێت، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی و لیۆنێل مێسی لە محەممەد سەڵاح نزیکترن، بەتایبەتیش کە سەرچاوەکانی نزیک لەو یاریزانە بڵاویانکردەوە کە یاریزانەکە بەهۆی جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتیمانیی خۆی لەگەڵ هەڵەبژاردەی وڵاتەکەی، کە بەشدارن لە جامی نەتوەوکانی ئەفریقا لە کامیرۆن، ناتوانێت ئامادەی ئاهەنگەکە ببێت.
 
لە وەرزی رابردوودا، رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکەیدا نازناوی خولی وڵاتەکەی بەدەستهێناوە و بووەتە گۆڵکاری بۆندێسلیگا و چامپیۆنزلیگ و ئامارە تاکەکەسییەکانیشی باشترینن، لیۆنێل مێسیش لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کۆپا ئەمریکای بردووەتەوە و جامی ئیسپانیاشی لەگەڵ بارسێلۆنا بەدەستهێنا، لەگەڵ نازناوی گۆڵکاری لالیگا و کۆپا ئەمریکا. بەر لەوەی بچێتە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان.