محەممەد سامی ریزەکانی جەوییە جێدەهڵێت

17-01-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن محەممەد سامی جەوییە
A+ A-

رووداو دیجیتال 

محەممەد سامی، یاریزانی دیاری هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرایکرد، ماڵئاوایی لە ریزەکانی یانەی جەوییە دەکات و دوو یانەش لەسەر ‌هێڵن بۆ بەدەستهێنانی واژۆی.

ئەم یاریزانە لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانەی جەوییە واژۆکرد، بەڵام کەمترین یاریکرد و زۆرترین کات لەسەر کورسی یەدەگ بوو، هەر بۆیە ئەمە محەممەد سامی بێزارکرد.

محەممەد سامی، لەبارەی هۆکاری جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی بۆ رووداو، رایگەیاند "ستەمێکی زۆرم لێدەکەن لێرە، من حەزدەکەم ئاستی راستەقینەی خۆم پێشکەش بکەم، هەربۆیە لە هەفتەی داهاتوو ئەم یانەیە جێدەهێڵێم".

پێشتر یاریزانە کوردەکەی جەوییە یاری بۆ یانەکانی کەرکووک، پێشمەرگەی هەولێر، برایەتی لە خولی نایابی کوردستان و خولی پلەیەکی عێراق کردووە، هەروەها لە ریزی هەڵبژاردەی کوردستان یاریکردووە.

سامی لەبارەی کاروانی داهاتووی روونیکردەوە "بیرم لە یانەیەکی نوێ کردووەتەوە، هەریەک لە یانەکانی هەولێر و نەفتی میسان لە گفتوگۆدان لەگەڵم و یەکێکیان هەڵدەبژێرم، لەبەرئەوەی خەونی من لە خولی نایابی عێراق گەورەیە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە