یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا.. بارسا بە گەڕانەوەی لیۆ و بیلباویش بە بردنەوە لە ریال ورەبەرزن

رووداو دیجیتال

هەوادارانی تۆپی پێ بێهیوا بوون لە بینینی کلاسیکۆیەکی دیکە لە یاریی کۆتایی سوپەری ئیسپانیا لەنێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید، دوای ئەوەی یانەی شاهانە پێنجشەممە 1 - 2 بە یانەی ئاتلێتیک بیلباو دۆڕا و نەیتوانی وەک بارسێلۆنا بگاتە یاری کۆتایی، کە پێشتر بە بردنەوە لە ریال سۆسیداد بلیتێکی یاریی کۆتایی بڕیبوو.

لەگەڵ ئەوەشدا بە گەڕانەوە بۆ مێژووی یارییەکانی بارسێلۆنا و ئاتلێتیک بیلباو، یاریی کۆتایی ئەمشەو هیچی کەمتر نابێت لە یارییەکانی کلاسیکۆ، چونکە یارییەکانی نێوان بارسێلۆنا و بیلباو رووبەڕووبوونەوەی کلاسیکین، کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا دووبارە دەبنەوە.

ئەمشەو بارسێلۆنا و ئاتلێتیک بیلباو بۆ 13ـەمین جار لە مێژووی خۆیاندا لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، کە سێیانیان لە جامی سوپەر بوونە و ئەمشەو چوارەمیانە، لە وەشانەکانی 1983 و 2009 جامەکە چووەتە بارسێلۆنا، ساڵی 2015ـش بیلباو جامەکەی بردەوە.

9 کۆتاییەکەی دیکەی نێوان هەردوو یانەکەی باسک و کەتەلۆنیا لە جامی کۆپا دێل ری بوونە، لەوێ بیلباو لە ساڵەکانی 1902 و 1932 و 1984 نازناوەکەی بردووەتەوە، هاوکات بارسا لە ساڵەکانی 1920، 1942، 1953، 2009، 2012 و 2015 جامەکەی بەدەستهێناوە.

لە یارییەکەی ئەمشەودا 7 یاریزانی ئاتلێتیک بیلباو بەشداریان لە یاریی کۆتایی سوپەری 2015ـدا کردووە، کە لە بارسێلۆنایان بردەوە و هیواخوازن ئەو مێژووە دووبارە بکەنەوە، کە ئەوکات ئێرنێستۆ ڤالڤێردی سەرکردایەتی دەکردن و دوایین نازناوی فەرمییە یانە باسکییەکە بەدەستیهێنابێت.

هەرچۆنێک بێت، پێشبینی دەکرێت یارییەکی بەهێز بێت، کە هەردوو یانە بە باشی خۆیان ئامادەکردووە، باسکییەکان ورەبەرزن بەوەی بەر لەو یارییە ریال مەدریدیان دەرکردووە و بارساش بە گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ مەشقەکان دڵخۆش و ورەبەرزە، کە بەهۆی پێکانەوە بەرامبەر ریال سۆسیداد یاری نەکرد و هاوڕێکانی بە زەحمەت و بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.