رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید دەیەوێت لە یاریی کۆتایی جامی ئینتەرکۆنتێنتالدا بەشداری بکات، بۆ ئەوەش هەموو رێگەیەک تاقیدەکاتەوە بۆ ئەوەی چاکببێتەوە.
رۆژی چوارشەممە لە یاریی جامی ئینتەرکۆنتێنتالدا، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەرامبەر یانەی پاچوکای مەکسیکی یاری دەکات، دیارنییە کیلیان ئێمباپێ بەشداری لەو یارییەدا دەکات یان نا، دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر ئاتالانتا لە چامپیۆنزلیگدا تووشی پێکانبوو.
ئێمباپێ لە ماسوولکەکانی قاچی چەپیدا تووشی پێکانبووە و بەپێی راگەیێنراوێکی یانەی ریال مەدرید، ئەستێرە فەرەنسییەکە دە رۆژی پێویستە تاوەکو دەگەڕێتەوە نێو یاریگەکان، هەر بەو هۆیەشەوە بەشداریی لە یاریی بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ نەکرد، کە بەیەکسانبوون بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
کیلیان دەیەوێت بەشداری لە یارییەکەی رۆژی چوارشەممەدا بکات، بۆ ئەوەش لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا رێگەیەکی دیکەی گرتووەتەبەر و چارەسەر لای پزیشکێکی تایبەتی فیزیایی وەردەگرێت، بۆ ئەوەی ماوەی دوورکەوتنەوەی کەمبکاتەوە بۆ دووەم یاریی کۆتایی خۆی بەدرێسی یانەی شاهانەوە ئامادەبێت.
ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی دەڵێت "ئێمباپێ بۆ یارییەکە ئامادەدەبێت، چەند خولەکێک یاری دەکات، بەڵام بەشێوەی سەرەکی یاری ناکات."
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید دەڵێت "پێکانی ئێمباپێ قورس نییە، بۆ گەشتەکەی قەتەر لەگەڵ تیپەکە دەبێت، بەڵام بۆ یارییکردن لە یارییەکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکەی دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ