نەیمار: هاندەرانی پاریس بێڕێزییان بەرامبەر بە من و مێسی کرد
رووداو دیجیتاڵ
نەیمار دا سیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی هیلالی سعودی، دڵتەنگیی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەو شێوازەی مامەڵە کە هاندەرانی پاریس سانجێرمان لەگەڵیاندا کردووە.
نەیمار لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرەنسی، گوتی "ساڵی یەکەمم لە پاریس زۆر نایاب بوو، فەرەنسییەکان و هاندەران بەگەرمی پێشوازییان لێکردم، بەڵام ساڵانی رابردوو، بەتایبەتی دوو سێ ساڵی رابردوو، لەهەمان ئاستدا نەبوون. ئەو مامەڵەیەی لەگەڵیان کردم سەرسوڕهێنەر نەبوو، بۆ مێسیش بەهەمانشێوە".
گوتیشی "بۆ من ئەوە نادادپەروەرانە بوو، چونکە هەمیشە هەموو شتێکم لە یاریگادا پێشکەش دەکرد، هیچ رق و کینەیەکم لەدڵدا نییە، بەڵام شێوازی مامەڵەکردنیان کەمێک دڵتەنگی کردم، بەتایبەتی کاتێک هاتنە ماڵەکەم، هەوڵیاندا بەسەر ماڵمدا بدەن، و سووکایەتییان پێکردم و هەڕەشەی دەستدرێژیکردنە سەریان لێکردم".
لەدرێژەی قسەکانیدا، نەیمار گوتی "سەبارەت بە خۆم، هاندەران سنوورەکەیان بەزاند، پەیوەندییەکەمان چیدی لەسەر بنەمای رێزگرتن نییە، لەکاتێکدا من هەمیشە رێزم لێدەگرتن. بەڕاستی دۆخێکی سەخت بوو، لە کۆتاییدا دڵتەنگ بووم بەو شێوەیەی کە مامەڵەم لەگەڵدا کرا، بەڵام ئێستا ئەوەم تێپەڕاندووە".
ئەستێرەی ئێستای یانەی هیلالی سعودی، زیاتر دەڵێت "من رێز لە پاریس سانجێرمان دەگرم و هەمیشە پاڵپشتی دەبم بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام، من هیچ کینەیەکم بەرامبەر یانەکە نییە، تەنیا بەرامبەر بە بەشێک لە بەرپرسانی یانەکە و بەشێک لە هاندەرانی، بەڵام ئەوە بووەتە شتێکی رابردوو. ئەمە ئەو یانەیەیە کە درێژترین ماوەی ژیانی وەرزشیم تێیدا بەسەربردووە، کە 6 ساڵە".
لە کۆتاییدا، نەیمار دەڵێت "لەگەڵ پاریس چەند ساتێکی نایابم بەسەربردووە، بەڵام بە چەند ساتێکی خەمناکیشدا تێپەڕیوم، بەداخەوە پەیوەندیم لەگەڵ هاندەران یەکێکە لەو ساتە خەمناکانە، بەڵام لەسەر ئاستی وەرزشی، باشترین ئاستی تۆپی پێ بوو کە یاریم پێکرد، دڵخۆشم و ویژدانم ئاسوودەیە".