ناوبژیوانی یاریی ریال و رایۆ ڤاییکانۆ بۆ ڤینی دان بەهەڵەکەیدا دەنێت
رووداو دیجیتاڵ
ناوبژیوانی یارییەکەی ریال مەدرید و رایۆ ڤاییکانۆ، دان بەوەدا دەنێت کە هەڵەی کردووە و بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر، دەڵێت "بەڵێ، هەڵەم کرد".
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، دیمەنەکانی ئەو گفتوگۆیەی ئاشکراکرد کە لەنێوان ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید و خوان مارتینێز مونوێرای ناوبژیوانی یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ، لە گەڕی 17ـی لالیگادا روویداوە.
ئاستی ناوبژیوان مارتینێز مونوێرا تووڕەیی تووندی بەرپرسان و هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی لێکەوتەوە، بەتایبەتی کە یارییەکە بە یەکسانبوون بەئەنجامی 3-3 کۆتاییهات.
ناوبژیوانەکە رووبەڕووی تۆمەتی هەژمارنەکردنی دوو لێدانی سزا لە بەرژەوەندی ریال مەدرید بووەوە، یەکێکیان بۆ برایم دیاز، ئەوەی دیکەیان بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر.
کامێراکانی DAZN ئەو گفتوگۆیەیان گرتووە کە لەنێوان ناوبژیوان و ڤینیسیۆسدا روویداوە لەدوای یارییەکە.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانە، ناوبژیوان لە سەرەتای گفتوگۆکەدا بە ڤینیسیۆس دەڵێت "گوێم لێ بگرە... لەوانەیە هەڵەیەکم کردبێت".
دواتر کاتێک ڤینیسیۆس لێی نزیک دەبێتەوە، ناوبژیوانەکە پێیدەڵێت "باشە، بەڵێ هەڵەم کرد، راوەستە، بەڵێ هەڵەم کرد".
ناوبژیوان کۆتایی بە قسەکانی بۆ ڤینیسیۆس دێنێت و پێیدەڵێت "بەو شێوازە بۆم مەیە... بەم رێگایە بۆم مەیە".