بارسای وێران دەیەوێت کارەساتەکانی لەبیر هەمووان بباتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا بە ئامانجی لەبیرکردنی کارەساتەکانی دوایین دوو یارییان لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەوروپا دەچێتە مێستایا و لە یاریی لووتکەی لالیگادا بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا یاریی دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 17ـی خولی ئیسپانیا، ئەمشەو بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەنێو بارودۆخێکی خراپدا رووبەڕووی ڤالێنسیا دەبێتەوە، هەردوو یانە ئەنجامەکانیان لەم وەرزەدا باش نین و دەیانەوێت بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو قەرەبووی خراپییەکەیان بکەنەوە و هاندەرانیان ئاشتبکەنەوە.
 
بارسا لە کاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، دوایین یاریی لالیگای لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی جیرۆنا دۆڕاندووە، دوای ئەوەش لە بەلجیکا لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا بە یانەی رۆیال ئانتوێرپی بەلجیکی دۆڕا و رووبەڕووی کارەساتێکی گەورە بووەوە، سەرەڕای ئەوەی گەیشتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
 
یانە کەتەلۆنییەکە لەم وەرزەدا پێچەوانەی وەرزی رابردوو، هێڵی بەرگریی خراپە بەدرێژایی وەرزی رابردووی لالیگا لە دوای 38 گەڕ تەنیا 20 گۆڵی لێکرابوو، بەڵام لەم وەرزەدا هێشتا 16 یاریی ئەنجامداوە 18 گۆڵی لێکراوە و یانەکە پرسیاری زۆری لەسەرە کە دەبێت ئەمشەو پێکهاتەی چاڤی وەڵامیان بداتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت هاندەرانی ئاشتبکاتەوە و ئەوەی لە دوایین دوو یارییدا روویدا لەبیر هاندەرانی بباتەوە.
 
ئەوەی بۆ بارسا و هاندەرانی جێگەی دڵخۆشییە ئەو مێژووە گەورەیەیە کە یانەکەیان بەرامبەر ڤالێنسیا هەیەتی، لەکاتێکدا لە دوایین 6 یارییدا بارسا بە ڤالێنسیا نەدۆڕاوە، دوایین دۆڕانیشی بەرامبەر ئەو یانەیە لە ساڵی 2020 بووە بە 2-0 کە ئەو کاتە لە یاریگەی مێستایا دۆڕا.
 
ناخۆشترین شت بۆ هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا بەر لە یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا ئەوەیە، لیڤاندۆڤسکی لە 3-9-2023ـەوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان هیچ گۆڵێکی لە لالیگادا تۆمارنەکردووە و دوایین گۆڵی بەرامبەر یانەی ئۆساسۆنا بوو، هەمووان ئەمشەو چاوەڕێن هێرشبەرە پۆڵەندییەکە بێدەنگی بشکێنێت و گۆڵ تۆماربکات.
 
بەر لە یارییەکەی ئەمشەو کە کاژێر 23:00 بەڕێوەدەچێت، یانەی بارسێلۆنا لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 34 خاڵ و دەیەوێت لە رکابەرەکانی دوورنەکەوێتەوە، ڤالێنسیا لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندە و 19 خاڵی کۆکردووەتەوە.
 
پێکهاتەی پێشبینیکراوی هەردوو یانەی ڤالێنسیا و بارسێلۆنا