لە ریال مەدرید کۆبوونەوەیەکی گرنگ و چارەنووسساز ئەنجامدەدرێت


رووداو دیخیتاڵ

چارەنووسی کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید، دەبێتە هۆکاری کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نووسینگەکانی یانەکە لە مەدرید.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە لە رۆژانی داهاتوودا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید لە کۆبوونەوەیەکدا خاڵ لەسەر پیتەکان لەبارەی چارەنووسی کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەکە دادەنێت.
 
تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەنچیلۆتی لەگەڵ یانەی شاهانە دیار نییە، ئەو راهێنەرە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە کۆتایی دێت و دیار نییە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت.
 
لە ماوەی رابردوودا ناوی ئەنچیلۆتی بەهەڵبژاردەی بەرازیلەوە بەسترایەوە، بەڵام ئەو راهێنەرە خۆی رێکەوتنی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەکە لە هاوینی داهاتووەوە رەتکردەوە. ئەنچیلۆتی دووپاتیکردەوە لە ریال مەدرید دڵخۆشە و پێشینەی کارکردنی لەگەڵ ئەو یانەیەیە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، پەیوەندییەکی باش لە نێوان پێرێز و ئەنچیلۆتی هەیە، پێکەوە بەردەوام قسە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا، گفتوگۆی بەرجەستە لەبارەی داهاتووی راهێنەرەکە و گرێبەستە نوێیەکەی لە ئارادا نییە.
 
بەپێی سەرچاوەکان، گفتوگۆکانی پێرێز و میستەر لە رابردوودا، تەنیا پەیوەستبوون بە گواستنەوەی بیرۆکەکان لەبارەی دۆخی گشتیی تیپەکە و هەستکردن بەئارامی لە ژووری جلگۆڕین و کەشی کارکردنی دوور لە گرژی.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، لە چەند رۆژی داهاتوودا، بڕیارە پێرێز لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی کۆببێتەوە لەبارەی چارەنووسی ئەو راهێنەرە و یەکلاکردنەوەی مانەوە یان رۆیشتنی، بەڵام هەردوولا لە یەک بیرۆکەدا هاوڕان کە هەموو رێکەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی ئەنچیلۆتی لەگەڵ یانەکە، لە کۆتاییدا دەکەوێتە بەر تاقیکردنەوەی ئەو دەستکەوتانەی یانەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەدەستیان دەهێنێت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، رێکەوتنی نێوان هەردوولا زۆر ئاسانە، چونکە لێکتێگەیشتنی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام مەرجە ریال مەدرید لە کۆتایی وەرزدا، ئەنجامەکانی باش بن و نازناوی بردبێتەوە، تاوەکو گرێبەستەکە نوێبکرێتەوە.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، لە ریال مەدرید کەس بیر لەوە ناکاتەوە جگە لە کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەرێکی دیکە لە وەرزی داهاتوودا مەشقدانی ریال مەدرید لە ئەستۆ بگرێت.
 
هۆکارێکی دیکە بۆ بەهێزبوونی ئەگەری مانەوەی کارلۆ ئەنچیلۆتی لە مەشقدانی ریال مەدرید، کارکەنارکردنی ئێدناڵدۆ رۆدریگێزی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلە، کە ویستی زۆری بۆ دەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچیلۆتی بەراهێنەری هەڵبژاردەکە هەبوو.