راستیی هەوڵەکانی سعودیە بۆ گواستنەوەی محەممەد سەڵاح


رووداو دیجیتاڵ

ماوەیەکی زۆرە ناوی محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بە خولی سعودی بەستراوەتەوە، بەڕێوەبەری وەرزشیی ئەو خولەش لەبارەی گواستنەوەی یاریزانەکەوە قسەدەکات.
 
مایکل ئیمینالۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی خولی سعودی لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی محەممەد سەڵاح و راستیی هەوڵەکانی سعودیە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە قسەدەکات.
 
ئیمینالۆ لە نوێترین دەرکەوتنی میدیاییدا دەڵێت "محەممەد سەڵاح هاوشێوەی لیۆنێل مێسی، کەریم بنزیما، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دیبرۆینە، هەرکاتێک هەستێک هەبێت کە ئەوان ئامادەن، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی گوێیان لێبگرین."
 
بەڕێوەبەری نوێی وەرزشی لە خولی سعودیە زیاتر گوتی "ئێمە لەوە تێدەگەین محەممەد سەڵاح لە شوێنی ئێستای لەگەڵ یانەیەکی نایاب و مێژوویی وەک لیڤەرپوولە و دڵخۆشە، ئێمە رێز لەوە دەگرین و نامانەوێت وا دەربکەوین کە گوشار لەسەر یاریزانەکە دروستدەکەین."
 
مایکل ئیمینالۆ لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "ئەگەر ئارەزوویەک هەبێت بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک، محەممەد سەڵاح ئەو یاریزانە دەبێت کە حەزدەکەی لە خولەکەتدا یاریی بکات، بەڵام دووپاتیدەکەمەوە کە لە گواستنەوەی زستانەدا هیچ هەنگاوێک بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە نابێت."
 
قسەکانی بەڕێوەبەری وەرزشیی خولی سعودی، لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی محەممەد سەڵاح لەکاتێکدایە، لە گواستنەوەی هاوینی رابردوودا یانەی ئیتیحاد هەوڵی زۆریدا بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە، هەرچەند بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان سەڵاح ئامادەبوو بچێتە سعودیە، بەڵام یانەی لیڤەرپوول ئامادەنەبوو دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت، بۆیە ئەستێرە میسرییەکە لە لیڤەرپوول مایەوە.
 
محەممەد سەڵاح، لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا خاوەنی 11 گۆڵە و دووەم گۆڵکاری خولەکەیە لە دوای ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی.