ڤیدیۆ؛ ئێندریک سەردانی یانە نوێیەکەی کرد

16-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئێندریک ئەنچێلۆتی ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێندریک، یاریزانی لاوی بەرازیلی و داهاتووی یانەی ریال مەدرید سەردانی هاوڕێکانی لە یانەی شاهانە کرد و لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ کردن.
 
ئەمڕۆ بەر لە دەستپێکردنی مەشقەکانی یانەی ریال مەدرید، ئێندریک کە بۆ وەرگرتنی پشووی دوای کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی خولی بەرازیل چووەتە مەدرید، لە ڤالدێبێباس سەردانی یاریزانانی یانەی ریال مەدریدی کرد.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید باوەشێکی گەرمی بە یاریزانەکەدا کرد، دوای ئەوە لاوە بەرازیلییەکە یەک بەیەک چووە لای ئەستێرەکانی یانەی شاهانە و بە روویەکی گەش و دڵخۆشییەکی زۆرەوە قسەی لەگەڵ کردن.
 
ئێندریک لە کاتی چوونی بۆ لای جود بێلینگهام، ئەستێرەی ئینگلیزی و گۆڵکاری یانەی ریال مەدرید گفتوگۆیەکی کورتتیان بەیەکەوە ئەنجامدا، بێلینگهام بە یاریزانە بەرازیلییەکەی گوت "سڵاو ئێندریک، بەخێربێی ئەستێرە، هەموو شتەکان باشن؟ تۆ دەزانی بە ئینگلیزی قسەبکەیت وایە؟
 
ئێندریک بەپێکەنینەوە وەڵامی بێلینگهامی دایەوە و پێیگوت "من ناتوانم بە ئینگلیزییەکی باش قسەبکەم."

 
ئێندریک تەمەنی 17 ساڵە، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ یانەی پالمێراس نازناوی خولی بەرازیلی بەدەستهێنا، یاریزانەکە لە خولەکەدا 11 گۆڵی تۆمارکرد و رۆڵێکی گەورەی لە بردنەوەی نازناوەکەدا بینی، هاوینی ساڵی 2024 یاریزانەکە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات و ئێستا بەخواستن لە یانە بەرازیلییەکە یاریی دەکات.
 
سەردانی ئەمڕۆی یاریزانەکە لەکاتێکدایە ئێندریک بۆ وەرگرتنی پشوو چووەتە مەدرید، بۆ ئەوەی هەم بارودۆخی شارەکە شارەزا ببێت، هەمیش لە نزیکەوە هاوڕێ نوێیەکانی لە یانەی شاهانە ببینێت.





 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە