بارسێلۆنا ئامادەکاری بۆ گەورەترین سوپرایز دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هەنگاوەکانی بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێکی سەرنجڕاکێش لە گواستنەوەکانی داهاتوودا دەستپێکردووە، دەیەوێت یەکێک لە باشترین یاریزانە لاوەکانی جیهان بباتە یانەکەی.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا چاودێریی تواناکانی کلاودیۆ ئێچێڤری، هێرشبەری لاوی ئەرجەنتینی و یانەی ریڤەرپلەیت دەکات کە بە مێسی نوێ ناودەبرێت، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەکانی داهاتوودا یاریزانەکە بباتە ریزەکانی و هێڵی پێشەوەی یانەکەی نوێبکاتەوە.
 
گرنگیدانی یانەی بارسێلۆنا بە گواستنەوەی ئەم یاریزانە لەکاتێکدایە، ئێچێڤری لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی ئەرجەنتین لە مۆندیالدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و 5 گۆڵی تۆمارکرد،  لەگەڵ یانەی ریڤەرپلەیتیش ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات، بەو هۆیەشەوە چەندین یانەی گەورە ئەوروپا رکابەری لەسەر گواستنەوەی دەکەن.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی یاریزانەکەوە دەڵێت"بەڵێ کلاودیۆ ئێچێڤری باش دەناسم، ئەو یاریزانێکی زۆر بەهرەمەندە."
 
راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی تەمەنی بچووکە بەڵام سێ گۆڵی لە بەرازیل کرد و یاریزانێکە لە رووی تواناوە زۆر جیاوازە."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە یانەکەی گرێبەستی لەگەڵدا دەکات؟ چاڤی بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەم بڕیارە پەیوەندیی بە کارگێڕیی یانەکە و لیژنەی دۆزینەوەی بەهرەمەندەکان هەیە لە یانە کەتەلۆنییەکەدا."
 
ئێچێڤری تەمەنی 17 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی لە هاوینی 2024 کۆتاییدێت، نرخی ئێستای لە بازاڕدا تەنیا 4 ملیۆن یۆرۆیە، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 22 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام یانە ئەرجەنتنییەکە بەدڵنیاییەوە بە پارەیەکی کەم دەستبەرداری یاریزانەکە نابێت.
 
بارسێلۆنا ئەگەر بیەوێت یاریزانەکە بگوازێتەوە دەبێت رکابەری یانەکانی ریال مەدرید، مانچێستەر سیتی، پاریس سانجێرمان، یوڤێنتوس، چێڵسی، مانچێستەر یونایتد و ئینتەرمیلان بکات، چونکە هەموو ئەم یانانە چاودێریی تواناکانی ئەو یاریزانە دەکەن.
 
پێشتر کلاودیۆ ئێچێڤری رایگەیاندبوو، سەرسامە بە تواناکانی لیۆنێل مێسی و لە منداڵییەوە کاتێک سەیری یارییەکانی بارسێلۆنای دەکرد ئەو یانەیەی خۆشویستووە، بەهۆی توانا زۆرەکەشییەوە زۆرن ئەوانەی پێیانوایە یاریزانەکە لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا دەتوانێت شوێنی مێسی بگرێتەوە.