کیلیان ئێمباپێ: پارە بڕیار بە من نادات

16-12-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ پاریس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا باسی کاروانی وەرزشیی خۆی دەکات و پلانی داهاتووی خۆی ئاشکرا دەکات.
 
ئەستێرەی فەرەنسی، سەرەتا گوتی "ئەوەی لای من گرنگە سوود وەرگرتنە لە وانە و ئەزموونەکانی ژیان، ئەوە لای من گرنگترە لە پارە، ئەگەرچی پارەش گرنگە، چونکە لە خێزانەکانمان خەرج دەکەین".
 
یاریزانی فەرەنسی، زیاتر گوتی "من تینووی گەشت و دۆزینەوەی شتی نوێ و ناسینی یاریزان و کلتوورە جیاوازەکانم".
 
ئێمباپێ پتر باسی پەیوەندییەکانی بە پارەوە دەکات و دەڵێت "پەیوەندی من بە پارەوە سەرەتا زەحمەت بوو، چونکە خێزانەکەم وەک گەوهەرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکردم، خۆشبەختانە باوک و دایکم لەبارەی پارەوە زۆر قسەیان لەگەڵ نەدەکردم، ئەوە بۆ من زۆر باش بوو، لەبەرئەوەی چۆن دەتوانی مامەڵە لەگەڵ منداڵێکی تەمەن 14 ساڵان بکەی دوای ئەوەی پێیدەڵێی کە نرخت ملیۆنەها دۆلارە".
 
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتیشی "لەبەرئەوە پەیوەندییەکی هێمن و لەسەرخۆم لەگەڵ پارەدا هەیە، دەزانم گرنگە و حەزدەکەم زیاترم دەستکەوێت، بەڵام پارە نامجوڵێنێت"
 
ئەو یاریزانەی پاریس سانجێرمان، کە میدیاکان پێیانوایە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ریزەکانی یانەکەی جێدەهێڵێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لە پاریس سانجێرمان زۆر ئەستێرە هەن و تیپەکەیان زۆر سەرکەوتنیان هەیە و زۆر نازناویان بەدەستهێناوە و گوتی "لەبەرئەوە پێویستە تۆ دەستبەرداری هەندێک شت ببیت، کاتێک دەبینی خۆت تاکە ئەستێرە نیت، من ئەوە بە کارێکی خراپ نازانم، بەپێچەوانەوە باشە".
 
ئەستێرە گەنجەکە، روونیکردەوە "کاروانەکەم بە هەنگاوی لۆژیکی بەڕێوەچووە، لە یاریزانێکی لاوەوە بۆ یاریزانێکی پیشەگەر، دواتر رۆیشتن لە مۆناکۆیەوە بۆ پاریس سانجێرمان، بێگومان لە کاروانی هەر یاریزانێکدا بوار بۆ هەندێک هەنگاوی ناچاوەڕوانکراو هەیە، سوپرایزەکان بەشێکن لە جوانی تۆپی پێ، بەڵام ئەگەری هەیە هەندێک شتیش رووبدەن هەموو هەنگاوەکان بگۆڕن، مەحاڵە تۆ بتوانی پێشبینی ئەوە بکەی کە من دوای 20 ساڵی دیکە چیدەکەم".
 
کیلیان زیاتر گوتی "دایک و باوکم هەرگیز دژی بڕیارێکم نەوەستاونەتەوە، هیچ شتێکیشیان بەسەر مندا نەسەپاندووە، تەنانەت کە منداڵیش بووم، ئەوان هەمیشە پێیانباشبووە ئازادم بکەن لە بڕیاردان، بۆیە ئەگەر هەڵە بکەم گلەیی لەوان ناکەم".
 
گۆڵکاری هەڵبژاردەی فەرەنسا، باسی ئەوەشی کرد کە حەزدەکات لە مۆندیالی 2022 جامی جیهانی بباتەوە و گوتی "لاریم نییە لەوەی دووجار بەسەریەکەوە مۆندیال ببەمەوە".
 
ئێمباپێ لە هاوینی ساڵی داهاتوودا، ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، کە تاوەکو ئێستا بەتەواوی بڕیاری کۆتایی خۆی نەداوە، کە یانەکەی دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و ئەویش بەپێی راپۆرتەکان نیازی رۆیشتنی هەیە، بەتایبەت کە ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە.
 
هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێمباپێ بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و لە هاوینی داهاتوودا بەبێ بەرامبەر دەچێتە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئێمباپێ بە پۆچێتینۆی گوتووە "من گرێبەستەکەم نوێ ناکەمەوە و لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا هیچ پەیوەندییەکم بە پاریس سانجێرمانەوە نامێنێت".
 
ئەگەرچی لەم هاوینەدا ئێمباپێ بەئاشکرا داوای لە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان کرد کە رێگەی پێبدەن بڕواتە ریال مەدرید و بەرپرسانی ئەو یانەیەش بەفەرمی لەسەر ئەو پرسە دانوستاندنیان لەگەڵ یانەی پاریسی کرد، بەڵام دەرئەنجام یاریزانەکە لە یانەی خۆی مایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە