سانچێز دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا؟


رووداو دیجیتاڵ 

یانەی بارسیلۆنا بەدوای هێرشبەرێکدا دەگەڕێت لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا، چەند بژاردەیەکیش هەن کە کاریان لەسەر دەکات.
 
بژاردەی یەکەمی بارسێلۆنا فێران تۆرێسی یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزییە، بەڵام بەهۆی قورسیی گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە کە پارەیەکی زۆری تێدەچێت، پێدەچێت بەرپرسانی بارسا لە گواستنەوە یانیش گەڕاندنەوەی یەکێک لە هێرشبەرەکانی پێشوویان نزیبووبێتنەوە کە ئەلێکسیس سانچێزی چیلییە.
 
میدیاکانی بەریتانیا رایانگەیاند کە گواستنەوەی فێران تۆرێس بۆ بارسێلۆنا ئاسان نابێت، دوای ئەوەی یانەی مان سیتی داوای 60 ملیۆن یۆرۆ دەکات و بارساش تەنیا 45 ملیۆن یۆرۆیان پێداوە.
 
سانچێزی چیلی کە لە ساڵانی 2011 تاوەکو 2014 یاریزانی بارسێلۆنا بوو، بژاردەیەکی دیکەی بەردەم لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنایە، ئەو یاریزانە تەمەن 32 ساڵانە ئێستا لە ئینتەرمیلانە بەڵام وەک یاریزانی سەرەکی پشتی پێنابەسترێت و گرنگییەکی زۆری بۆ ئەو یانەیە نییە. 
 
گواستنەوەی سانچێز بۆ بارسێلۆنا پارەیەکی کەمتر لەسەر بارسێلۆنا دەکەوێت چونکە گرێبەستەکەی بەمنزیکانە لەگەڵ ئینتەر کۆتاییدێت.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی ناپۆلیش هاتووەتە سەرهێڵ بۆ گواستنەوەی ئەلێکسیس سانچێز، ئەوان ئامادەن یاریزانەکە بگوازنەوە بەپێی میدیاکانی ئیتاڵیا لە بارسێلۆنا زیاتر بەپەرۆشن بۆ هێنانی ئەو یاریزانە، بۆیە ئەرکی بارسا رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت لە ئەگەری زۆربوونی خواستەکان لەسەر ئەو یاریزانە پێدەچێت ئینتەرمیلان نرخێکی بەرزتر لەسەر ئەو یاریزانە دابنێت.
 
گرێبەستی سانچێز لە هاوینی 2023 تەواودەبێت، بەڵام خۆی بە خۆڕایی لە مانچێستەر یونایتدەوە چووەتە ئینتەر بۆیە بەرپرسانی یانەی نیرازووری ئامادەن بە پێنج تاوەکو 10 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببن.