کێ زە بێست دەباتەوە؟

رووداو دیجیتال

بەپێی هەندێک زانیاری دزەکراو، رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی خەڵاتی زەبێستی بەدەستهێناوە، رۆناڵدۆ دووەمە و مێسی سێیەم.

سبەی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی خەڵاتی زە بێستی تایبەت بە باشترین یاریزانی جیهان لە ساڵی 2020 دەبەخشێت، کە ململانێیەکە لە نێوان 3 رکابەری سەرەکیدایە، کە بریتین لە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی و رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکیی ئەستێرەی پۆڵەندی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی.

هەندێک زانیاری دزەکراو، باس لەوە دەکەن کە رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ هەردوو رکابەرەکەی، خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە. 

بەپێی ئەو زانیارییانە رێژەی دەنگەکانی هەرسێ بەربژێری سەرەکی بەمشێوەیە بووە:

1 - رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی 58.5%ـی دەنگەکان
 
2 - كريستيانۆ رۆناڵدۆ 37.8%ـی دەنگەکان 
 
3 - لیۆنێل مێسی 3.6%ـی دەنگەکان.

بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن لیڤاندۆڤێسکییەوە پێشبینی بۆ کراوە، بەو پێیەی کاروانی ئەمساڵی زۆر باشتر بووە لە کاروانی مێسی و رۆناڵدۆ، لەسەر ئاستی تاک و بە کۆمەڵیش.

لە وەرزی رابردوودا، رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکەیدا نازناوی جام و خولی وڵاتەکەی و چامپیۆنزلیگ بەدەستهێناوە لەگەڵ جامی سۆپەری ئەوروپا، هەروەها نازناوی گۆڵکاری بوندێسلیگا و چامپیۆنزلیگیشی بردووەتەوە.