ڤان بۆمێل لە راهێنەرایەتی ئایندهۆڤن دوورخرایەوە


رووداو - هەولێر

یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە خولی هۆڵەندا، مارک ڤان بۆمێلی راهێنەری یانەکەی دوورخستەوە.

ئایندهۆڤن لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی لەسەر ماڵپەری خۆی بكاوکردووەتەوە، دوای ئەوەی لە گەڕی 17ـی خولی هۆڵەندا بە 1-3 بەرامبەر یانەی فاینۆرد دۆڕان.

ڤان بۆمێل لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی لەگەڵ ئایندهۆڤن خراپ بوون و یانەکە لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە و 10 خاڵ، لە یانەکانی ئایاکس و ئەلکماری یەکەم و دووەم دوورە.

تۆن گیربراندز، بەڕێوەبەری یانەکە رایگەیاند، دوای ئەوەی نەیانتووانی سەرکەوتووبن بڕیارییانداوە ئەو گۆڕانکارییە ئەنجامبدەن و تاوەکو ئێستاش ئەو راهێنەرە دەستنیشاننەکراوە، کە لە داهاتوودا جێگەی ڤان بۆمێل دەگرێتەوە.