راهێنەری گریمیۆ: من کە یاریزان بووم لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ باشتربووم

16-12-2017
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریناتۆ گاوچۆ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر

ریناتۆ گاوچۆ، راهێنەری یانەی گریمیۆی بەرازیلی رایگەیاند، کاتێک ئەو یاریزان بووە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید باشتربووە.

گاوچۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی جامی جیهانیی یانەکان گوتی، رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی جیهانە، بەڵام کاتێک من یاریزان بووم لەو باشتربووم، ئەو یاریزانێکە لە دەرەوەی ناوچەی سزا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر یانەکە نییە.

راهێنەری یانە بەرازیلییەکە زیاتر گوتی، ریال مەدرید پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی نازناوەکە، بەڵام هەمووان دەزانن کە ئێمە تەنیا بۆ بەشداریکردن نەهاتووینەتە ئێرە.

ریناتۆ لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، زینەدین زیدان راهێنەرێکی نایابە و لە داهاتووشدا دەبێتە باشترین راهێنەر، بە هەرحاڵ هەمووان بە ئومێدی ئەوەن ببنە راهێنەری ئەو یانەیەی ئێستا ئەو راهێنەرایەتیی دەکات، بەداخەوە کە ئەو وەک یاریزان نازناوی جامی جیهانیی بەدەستهێناوە، بەڵام من بەدەستمنەهێنا.

ئەمڕۆ کاژێر 20:00 بەکاتی باشووری کوردستان هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و گریمیۆی بەرازیلی لە یاریی کۆتایی جامی جیهانیی یانەکەدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە