ریڤەرپلەیت چاوەڕێی مێسی و هاوڕێکانی دەکات


رووداو - هەولێر

یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی گەیشتە یاری کۆتایی مۆندیالی یانەکان دوای بردنەوەی لە یانەی سانفرێچی ژاپۆنی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر.

هەردوو یانە لە یاری پێشكۆتایی مۆندیالەکەدا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەیەکگەیشتن و یانە ئەرجەنتینییەکە بە تاکە گۆڵێکی لۆکاس ئالاریۆ لە خولەکی 72 دا توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

ریڤەرپلەیت کۆتایی بە خەونی ژاپۆنیەکان لەو پاڵەوانیەتییەدا هێنا کە وڵاتەکەیان رێکی دەخات.

لە یاری کۆتایی مۆندیالەکەدا ریڤەرپلەیت بەرامبەر براوەی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و گوانژۆی چینی یاریدەکات کە بڕیارە سبەی بەیەک بگەن.