ئامۆریم: مانچێستەر یونایتد گەورەترین یانەی ئینگلتەرایە

 

رووداو دیجیتاڵ

رۆبن ئامۆریم، راهێنەری پۆرتوگالی کاروانەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد دەستپێدەکات و دەڵێت "مانچێستەر یونایتد گەورەترین یانەی ئینگلتەرایە."
 
ئامۆریم دوای وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەی مانچێستەر یونایتد دەڵێت "دەزانین کاتی پێدەچێت، بەڵام هەوڵدەدەین لە ریگەی یارییەکانەوە کارەکە خێراتر بکەین، لە رۆژی یەکەمەوە پێویستە بەبێ ترس یاری بکەین، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە لەسەر ئێمە شێوازە راهاتوون، ئەمە لە بیرکردنەوەی مندا نییە، لە رۆژی یەکەمەوە بەبیرکردنەوەکانمانەوە دەستپێدەکەین، گرنگ نییە چی روودەدات."
 
راهێنەری نوێی مانچێستەر یونایتد دەڵێت "سەنگی مێژووی مانچێستەر یونایتد بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە، بەڵام شانازی بەوەوە دەکەم کە بەشێکم لەمە، ئەگەر تیپەکە بەشێوەیەکی باش یاری بکات و یارییەکان ببەینەوە هەموو شتێک باشتر دەبێت، ئێمە بزوێنەری تۆپی پێین و پێموایە مانچێستەر یونایتد بزوێنەری پرێمەرلیگە."
 
ئامۆریم زیاتر قسەیکرد و گوتی "ماوەیەکی زۆرە پرێمەرلیگی نەبردووەتەوە، بەڵام مانچێستەر یونایتد گەورەترین یانەی ئینگلتەرایە، ئەمە بەشێکە لە مێژوو، بەڵام ئێستای ئێمە نییە و دەبێت هەوڵبدەین جارێکی دیکە ببەینەوە و ئەوە بگۆڕین، لێرە هەمووان بەپەرۆشن بۆ سەرکەوتن، ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەمویست لێی بم."
 

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە پێشتر لەبارەی چوونی بۆ یانەکانی وەکو لیڤەرپوول و چێڵسی بڵاودەکرانەوە، ئامۆریم گوتی "شانازی بەوەوە دەکەم کە لێرەم، مانچێستەر یونایتد بژاردەی یەکەمم بووە، چونکە هەست بە گەورەیی ئەم یانەیە دەکەم و هەموو توانایەکم لەپێناو تیپەکە دەخەمەگەڕ."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا رۆبن ئامۆریم دەڵێت "ئەگەر پێویست بکات بەرگری لە یاریزانەکانم دەکەم، هەروەها هەموو شتێک دەکەم بۆ ئەوەی ئەم یانەیە بخەمە ئەو شوێنەی کە شایەنیەتی و لەو بڕوایەدام سەرکەوتوو دەبین."


رۆبن ئامۆریم، گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد تاوەکو هاوینی 2027 دەبێت، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 24-11-2024 یەکەم یاریی وەکو راهێنەری یانە ئینگلیزییەکە بەرامبەر یانەی ئیپسویچ تاون ئەنجامدەدات.