دیشام: ئێمباپێ لە ریال مەدرید دڵخۆش نییە
رووداو دیجیتاڵ
دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، جارێکی دیکە باسی لە بانگهێشتنەکردنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا کردەوە، دووپاتیکردەوە ئەوەی روویداوە، پەیوەندی بەسزادانی ئەو ئەستێرەیەوە نییە.
بۆ دووەم ماوەی یارییە نێودەوڵەتییەکان لەسەریەک، دیدێ دیشام، بڕیاریدا کیلیان ئێمباپێ بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا نەکات. لە کاتێکدا فەرەنسا لە گەڕی ئەمجارەی یارییەکانیدا لە نەیشنسلیگ، کاریدەکرد بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
دیشام، دوای یەکسانبوونی هەڵبژاردەکەی بەبێ گۆڵ لەگەڵ ئیسرائیل، گوتی هەموو کەسێک بەدۆخی ناسەقامگیری و بێتاقەتیدا تێدەپەڕێت، مرۆڤ لایەنی جەستەیی و لایەنی دەروونیی هەیە.
ئێمباپێ بەباشترین رۆژەکانی ئاستی خۆیدا گوزەر ناکات. لە ریال مەدرید لە ژێر گوشارێکی زۆردایە بەهۆی دەرنەکەوتنی بەئاستێکی بەرزەوە و گۆڵنەکردن لە چەند یاریی رابردووی یانەکەدا.
دیشام دووپاتیکردەوە کە کیلیان دەیەوێت بگەڕێتەوە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا و ویستی بۆ ئەو کارە هەیە.
ئێمباپێ، کە لە هاوینی رابردوودا لە پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە روویکردە ریال مەدریدی ئیسپانی بەبێ بەرامبەر، وەرزێکی ناوازەی لەگەڵ یانەی شاهانەدا نەبووە. لە دوو یاریی رابردووی هەڵبژاردەی فەرەنساش لە مانگی رابردوودا لە نەیشنسلیگ دوورخرایەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی لە قۆناخی چاکبوونەوەدابوو لە پێکانێک کە دووچاری بوو بوو.
دیشام بەرۆژنامەڤانانی گوت، "پێموایە دوورخستنەوەی لەمکاتەدا بۆ ئەو باشترە، چونکە ئەو بەساتێکدا تێدەپەڕێت کە هەست بەدڵخۆشیی ناکات".
سەرچاوەکان پێشتر ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە ئێمباپێ هەست بەگوشاری زۆر دەکات، بەتایبەت کە ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی ریال مەدرید، لەگەڵ یانەکەدا ئاستێکی زۆر باش پێشکێشدەکات.
هەندێک سەرچاوە، نائارامیی و دڵخۆشنەبوونی ئێمباپێ، بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەو یاریزانە ناوی بەستراوەتەوە بەرووداوێکی دەستدرێژیی سێکسی کە مانگی رابردوو لە سوێد روویدا، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە بەهەموو شێوەیەک پەیوەندی بەو رووداوەوە رەتدەکاتەوە.
ماری ئالێکس کانۆ بێرنارد، پارێزەری کیلیان لە ماوەی رابردوودا، گوتی ئەو یاریزانە هیچ شتێکی نەکردووە تاوەکۆ بەهۆیەوە سەرکۆنەی خۆی بکات، هەر بۆیە لە داهاتوودا لە دژی ناوزڕاندنی، سکاڵا تۆمار دەکات.