ئەلفۆنسۆ دەیڤز، ریال مەدرید شۆک دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

نیدال هۆسیێر، بەڕێوەبەری کارەکانی ئەلفۆنسۆ دەیڤزی یاریزانی کەنەدی، بەرگریکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی تووشی شۆک کرد، دوای ئەوەی زۆر لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە یانەی شاهانە رێککەوتنی لەگەڵ یاریزانەکە تەواوکردووە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بچێتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە کە دەیڤز لەگەڵ ریال مەدرید گەیشتووەتە رێکەوتنێکی نیمچە کۆتایی، و واژۆکردنی گرێبەستەکە لە مانگی یەکی ساڵی 2025 ئەنجام دەدرێت.
 
لەکاتێکدا رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە زاری نیدال خۆسێیەوە، نووسیویەتی "ئایا رێککەوتن لەگەڵ ریال مەدرید کراوە؟ ئەمە راست نییە، درۆیە".
 
بەرێوەبەری کارەکانی دەیڤز، ئاماژەی بەوەشکردووە "یاریزانەکە بژاردەی زۆری لەبەردەمدایە، تاوەکو ئێستا لەگەڵ هیچ یانەیەک لەسەر مەرجەکانمان رێکنەکەوتووین".
 
روونیشیکردووەتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی لەگەڵ تیپەکەی ئێستای نوێ بکاتەوە، و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشنیش لەوانەیە بژاردەیەک بێت، هەر راپۆرتێکیش ئاماژە بەپێچەوانەی قسەکانم بکات، هەڵەیە".
 
رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا ناوی ئەو یاریزانەیان بەستووەتەوە بەئەگەری گواستنەوەی بۆ بارسیلۆنا بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو پێکهاتەی هانزی فلیک کە پێشتر لە بایرن میونشن لەگەڵیدا کاری کردووە، بەهێزتر بکات.
 
لە کاتێکدا ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە بەدوای دەیڤزدا دەگەڕێت بەئامانجی بەدەستهێنانی تواناکانی دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئازاد و بێبەرامبەر بباتە مەدرید.
 
ئەلفۆنسۆ دەیڤز، لەماوەی ئەم وەرزەدا لە 15 یارییدا لە رکابەرییە جیاوازەکاندا لەگەڵ بایرن میونشن بەسەرکردایەتی ڤینسێنت کۆمپانی راهێنەری بەلجیکی بەشداریکردووە و هیچ گۆڵێکی تۆمارنەکردووە، لەکاتێکدا 3 ئەسیستی هەیە.