90 ملیۆن دۆلاریان لە مارادۆنا دزیوە


رووداو دیجیتاڵ

ماریانۆ ئیسرائیلێت، هاوڕێی دێرینی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی، ئاشکرایکردووە بڕی 90 ملیۆن دۆلاری ئەو ئەفسانەیە لە کاتی مردنیدا دیار نەماوە و ئەو دەپرسێت، ئەو پارەیە لە کوێیە.
 
ئیسرائیلێت، بەرهەمهێنەری ڤیدیۆیی مارادۆنا بووە، ئێستا تەمەنی 57 ساڵە، پەیوەندییەکی پتەو و تایبەتی لەگەڵ ئەو ئەستێرەیەدا هەبووە، ئەو ئاشکرایکردووە مارادۆنا چەند ساتێک بەر لە کۆچی دوایی پێیگوتووە، "بەتەنیا بەجێم مەهێڵە".
 
ئەو هاوڕێ دێرینە، بۆمبی لەسەر دۆسێی مشتومڕهەڵگری گیانلەدەستدانی مارادۆنا وروژاندووە، دەڵێ، "بەچاوی خۆم ئەو دەرمانانەم بینی کە دایانێ، هەمووی هەڵە بوو".
 
دەسەڵاتی دادوەریی ئەرجەنتین، ماوەی چوار ساڵە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی مارادۆنا دەکات. بڕیاردانی لەبارەی دۆسێیەکە بۆ مانگی سێی ساڵی داهاتوو دواخستووە. لە دۆسێیەکەی مارادۆنادا چەندین پزیشک و پەرستار لێکۆڵینەوەیان لەسەرە، ئەگەر تۆمەتی کەمتەرخەمی لەچارەسەرکردنی مارادۆنایان بەسەردا ساخ ببێتەوە، بە 25 ساڵ بەندکردن، سزا دەدرێن.
 
دۆسێیەکە، تەنیا پەیوەندی بەکەمتەرخەمی لە چارەسەری ئەو ئەفسانەیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە مامەڵەی خراپ لەگەڵ، سیمبولێکی گەورەی ئەرجەنتین هەیە، کە لای ئەرجەنتینییەکان شانازییەکی گەورەی وڵاتەکەیانە.
 
پاتریشیۆ فێراری، داواکاری گشتیی ئەرجەنتین گوتویەتی، "ئێمە ناڵێین تیمە پزیشکییەکەی بەئەنقەست مارادۆنایان کوشتووە، بەڵکو ئێمە دەڵێین ئەوان دەیانزانی چی روویدەدا، بەڵام هیچیان نەکردووە بۆ رێگرتن لێی".
 
ماریانۆ ئیسرائیلێت، کە ساڵی 1982 ئاشنایەتی لەگەڵ دیێگۆدا پەیداکردووە، لە رێگەی برا بچووکەکەیەوە، دەڵێ، "ئەگەر کەمێک زیاتر ئاگایان لێیبوایە، ئەو ئێستا لە ژیاندا مابوو".
 
ماریانۆ قسەی تووندی لەبارەی گیانلەدەستدانی هاوڕێکەیەوە کردووە، دەڵێ، "دیێگۆ پزیشکی تایبەتی خۆی هەبوو، کەچی تیمێکی دیکە هاتبوونە ناو بابەتەکەوە بۆ چارەسەرکردنی".
 
ماریانۆ ئیسرائیلێت، تەنانەت گومانی لەوە هەیە کە بەسەر هاوڕێکەیدا هاتووە، باسوخواسی دیارنەمانی بڕە پارەیەکی زۆری هێناوەتە ئاراوە، ئەو دەڵێ، "90 ملیۆن دۆلاری دیێگۆ دیار نەماوە و کەس نازانێ لە کوێیە".
 
ئەو دەڵێ، "نازانم پارەکە لای کێیە، بەڵام من ئەوە دەزانم ئەو کاتێک لە مەکسیک گەڕایەوە و لە ماڵەکەی خۆی سەردانمکرد، پێیگوتم  ئەگەر دەزانی چەندم پارە پەیداکردووە، زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارم پەیداکردووە".
 
وەک ئەو گوتویەتی، "ئێستا پارێزەرەکەی مارادۆنا دەڵێ، تەنیا 10 ملیۆن دۆلار دیارە، کەواتەی کوا 90 ملیۆنەکەی دیکە؟ بەڕاستی هەست بەخراپی دەکەم، کاتێک دەبینم ئەوان بەرامبەر ئەو دەستە بێئەمەکبوون کە رۆژێک لە رۆژان نانی ئەوانی دەدا".
 
هەرچەندە ماریۆ ناوی کەسی نەهێناوە وەک تۆمەتباری دزییەکە، بەڵام میدیاکان دەڵێن رووی قسەکانی لە ماریانۆ چیێری برازای مارادۆنایە کە لە دوایین رۆژەکانی ژیانی مارادۆنا، لەگەڵ ئەو دەژیا لە شوقەکەیدا.
 
ئیستا لە دادگا، لە دۆسێیەکەی مارادۆنادا چەندین بابەتی دیکەی میرات بەهەڵبەستراوی ماونەتەوە، لە نێویاندا خانوبەرەکەی و مافی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی و تەنانەت شاردنەوەی تەرمەکەشی کێشەی لەسەرە.
 
مارادۆنا لە 1960 لە لانۆسی ئەرجەنتین لەدایکبووە. ئەفسانە و ئایکۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین بووە. براوەی مۆندیالی 1986ە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
 
لە یانەکانی بۆکاجۆنیۆرز، بارسێلۆنا، ناپۆلی و سێڤییا یارییکردووە.
 
مارادۆنا لە 25ی یانزەی 2020 لە تەمەنی 60 ساڵێدا گیانیلەدەستدا.