جەیک پۆڵ، مایک تایسۆنی بەزاند

 

رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی مشتومڕهەڵگری بۆکسینگدا، جەیک پۆڵ بەڵێنەکەی بردەسەر و لە مایک تایسۆنی 58 ساڵی بردەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە یارییەکی مێژووییدا هەردوو بۆکسێنەری ئەمریکی، جەیک پۆڵ و مایک تایسۆن رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، یارییەکە لەپێش 70 هەزار بینەری ئامادەبوو لە یاریگە ئەنجامدرا، ملیۆنان کەس لە ماڵپەری نێتفلێکسەوە بینەری یارییەکە بوون، تەنانەت لە پەخشێکی راستەوخۆی تۆڕی ئێکس، زیاتر لە حەوت ملیۆن بەکارهێنەر بە شێوەیەکی راستەوخۆ بینەر بوون.
 
مایک تایسۆن، ئەفسانەی بۆکسینگی تەمەن 58 ساڵ، ئەو لە ساڵی 1986 بووە گەنجترین پاڵەوانی کێشی قورس لە تەمەنی 20 ساڵ، ساڵێک دواتر هەر سێ نازناوە سەرەکییەکەی بۆکسینگی بەدەستهێنا و یەکی خستن و بووە پاڵەوانی بێ مشتومڕی بۆکسینگ.
ئەو بۆکسێنەرە ریکۆردەکەی بەم شێوەیەیە:
 
50 بردنەوە
7 شکست
44 لێدانی کوشندە
 
ئەو ئەفسانەیە، 19 ساڵە لە شەڕکردن دابڕاوە و ئەمڕۆ دووبارە گەڕایەوە و رووبەڕووی جەیک پۆڵ بووەوە.
 
جەیک پۆڵ لەلایەکی دیکەوە، لە ساڵی 2020ەوە دەستی بە کاروانی بۆکسینگی خۆی کردووە و بە شەش بردنەوەی لەسەریەک بەرامبەر کۆمەڵێک شەڕکەری هونەرە جەنگییە تێکەڵاوەکان، هەمووانی شۆککرد، ئەو پێش ئەوەی ببێتە بۆکسێنەر، کەسایەتییەکی ناسراوی سۆشیال میدیا بوو.
 
ریکۆردی جەیک پۆڵ بەم شێوەیەیە
 
11 بردنەوە
1 دۆڕان
7 لێدانی کوشندە
 
جەیک پۆڵ بە شێوەیەکی ئاشکرا داوای لە مایک تایسۆن کرد رووبەڕووی ببێتەوە لە یارییەکدا و بەڵێنی دا کە ئەو دەتوانێت 'خراپترین مرۆڤی سەر زەوی' ببەزێنێت، مایک تایسۆنیش ئالەنگارییەکەی "منداڵە سەربەکێشەکە"ی قبوڵکرد و بڕیاریدا دووبارە بگەڕێتەوە و یاری لەگەڵ بکات.
 
یارییەکەی نێوان پۆڵ و تایسۆن لە هەشت گەڕی دوو خولەکی پێکهاتبوو، لە گەڕەکانی سەرەتادا، مایک تایسۆن ئاستێکی باشی پێشکەش کردبوو، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی یارییەکە و خراپی توانای جەستەیی تایسۆن لەبەر گەورەیی تەمەنی، جەیک پۆڵ باڵادەستتر بوو و کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد.
 
بە بڕیاری هەر سێ ناوبژیوان، جەیک پۆڵ وەک براوەی یارییەکە هەڵبژێردرا.