رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گوتاری رقلێبوونەوە و رەگەزپەرستییەوە، یانەکانی ئەڵمانیا جەنگ لە دژی ئیلۆن مەسک، گەورە بزنسمانی ئەمریکی و خاوەنی پلاتفۆرمی 'ئێسک' بەرپا دەکەن. ماسک لە حکومەتی داهاتووی ئەمریکادا، بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ دەبێتە وەزیر.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی سانت پاولی ئەڵمانی، هەموو چالاکییەکانی خۆی لە تۆڕی 'ئێکس' راگرتووە، چونکە دژی سیاسەتی ئەو تۆڕەیە کە چاوپۆشی لە گوتاری تووند و سووکایەتی و هاندانی رقلێبوونەوە دەکات.
سانت پاولی، بیانووی بایکۆتکردنی 'ئێکس'ی بۆ بڵاوکردنەوەی دروشمی رەگەزپەرستی و رق لەنێو هاندەران لە تۆڕەکە گەڕاندووەتەوە. ئیلۆن مەسکی خاوەنی تۆمەتبارکردووە بەوەی 'هیچ رێگرییەک لەو کارە ناکات'.
یانە ئەڵمانییەکە، لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، "لەوکاتەوە ئیلۆن مەسک بووەتە خاوەنی پلاتفۆڕمەکە، کە پێشتر بەتویتەر ناسرابوو و ئێستا ناوی ئێکسە. پلاتفۆڕمەکە بووەتە ماشێنێک بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری رەگەزپەرستی و رقلێبوونەوە بەبێئەوەی رێگری لێبکرێت، زۆر دەگمەن نەبێت، دەنا کەس لەسەر ئەو گوتارانە لە پلاتفۆرمەکەدا سزا نادرێن، بەڵکو بەپێچەوانەوە گوتاری رەگەزپەرستی و تووندوتیژی، وەک بەشێک لە ئازادیی رادەربڕین مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".
رۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، هەندێک یانەی دیکەی بۆندسێلیگا، بەنیازن هەمان هەنگاون هاوشێوەی ئەوەی یانەی سانت پاولی کردوویەتی. ئەوانیش بایکۆتی پلاتفۆڕمەکە دەکەن و بەوەش زیانی گەورەی پێدەگەیەنن.
ئەگەر یانە گەورەکان بایکۆتی هەر تۆڕێک و پلاتفۆرمێک بکەن، هاندەرەکانیان لەو بەشانەی سۆشیال میدیا دەکشێنەوە و ئەوەش زیان بەداهاتی کۆمپانیاکانی خاوەنی تۆڕ و پلاتفۆڕمەکان دەگەیێنێت.
رۆژنامە ئەڵمانییەکە ئاشکرایکردووە، هەریەکە لە یانەکانی بایرلیڤەرکوزن، ولفسبۆرگ، هەروەها شتوتگارت و لایپزیگ، لە قۆناخی لێکۆڵینەوە لە بایکۆتەکەدان، ئەوەش وەک هەڵوێستێک و دژایەتی ئەو دروشمانەی بەناوی ئازادی رادەربڕینەوە لە 'ئێکس' بڵاودەکرێنەوە.
یانەی سانت پاولی، یەکەم یانەبوو لە دژی 'ئێکس' وەستایەوە، بڕیاریدا هەموو چالاکی و پۆستەکانی لەو پلاتفۆڕمە رابگرێت، بەڵام ئەژمارەکەی داناخات، چونکە دەیەوێت ئەو ئەرشیڤە گەورەیەی یانەکە لەو تۆڕەدا هەیەتی و 11 ساڵە بەردەوامە، نەسڕێتەوە و بمێنێتەوە.
ئیلۆن مەسک یەکێکە لە گەورەترین و دەوڵەمەندترین سەرمایەدارەکانی ئەمریکا، تەمەنی 53 ساڵە و لە حکومەتی داهاتووی ئەمریکادا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی هەڵبژێردراو، دەبێتە وەزیری لێهاتوویی حکومی.
مەسک خاوەنی کۆمپانیا تێسلا و ئێکسە، ساڵی 2022 تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تویتەر'ی بە 44 ملیار دۆلار کڕییەوە و ناوەکەی گۆڕی بۆ پلاتفۆڕمی 'ئێکس'.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ