ڤینیسیۆس لە بەرازیلیش کێشەی لەگەڵ ناوبژیوانان دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ڤینسیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، خووە خراپەکەی لە یاریگەکانی ئیسپانیاوە گواستەوە یاریگەکانی ئەمریکای باشوور، پاشئەوەی لە یاریی هەڵبژاردەکەیدا بەرامبەر ڤێنزوێلا، قسەی بەناوبژیوانی یارییەکە گوت.
لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور، بۆ گەیشتن بەمۆندیالی 2026 ڤێنزوێلا میوانداریی بەرازیلی کرد و هەردوو هەڵبژاردە بەگۆڵێک یەکسانبوون.
سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایانکردووە، لە یارییەکەدا ڤینسیۆس چەندینجار لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی ڤێنزوێلا بووەتە دەمەقاڵەی و قسەی نەشیاوی بەرامبەر ناوبژیوانی یارییەکەش کردووە.
میدیاکان دەڵێن، ڤینیسیۆس پاڵەوانە 'خراپەکە'ی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەبووە لە یاریگەدا، پاشئەوەی بەهۆی گۆڵنەکردن لە لێدانی سزاوە، بووە هۆکاری سەرنەکەوتنی بەرازیل لە یارییەکەدا و یارییەکە بەیەکسانبوون کۆتایی هات. بەپێی داتاکانی یارییەکە، ڤینیسیۆس 21 جار تۆپی دۆڕاندووە.
ڤینی، جارێکی دیکە لە یاریگەدا تەقییەوە، بەڵام بەئاست نا، بەڵکو بە شەڕکردن لەگەڵ یاریزانانی ڤێنزوێلا و رەخنەگرتن لە ناوبژیوانی یارییەکە.
میدیاکان سەرنجیانداوە کە ڤینی، لە یارییەکەدا چەندینجار سووکایەتی بە ئاندرێس روخاسی ناوبژیوانی کۆڵۆمبی یارییەکە کردووە، بەئیسپانی جنێوی پێداوە. رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی کەتەلۆنی دەڵێ، ئەگەر ناوبژیوان گوێی لە جنێوەکانی ڤینی بوایە، دەستبەجێ لە یارییەکە دەریدەکرد.
ڤینی هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا پاڵی بە ئەلیکساندەر فێرناندێزی یاریزانی ڤێنزوێلاوە ناوە و ئەو یاریزانەش چەپۆکێکی بەڕووی ڤینیدا کێشا کە بەهۆیەوە بەکارتی سوور کرایەوە دەرەوە و دواتریش یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە، پێکداهەڵپژان.
رۆژنامە ئیسپانییەکە دەڵێ، "ڤینی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا پێنەگەیشتووە و زۆر دوورە لەو ئاستەی لەگەڵ بەرازیل پێشکێشی دەکات".
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە ماوەی رابردوودا دووچاری شۆکێکی گەورەبوو کاتێک پێشبینیدەکرد براوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ بێت، بەڵام لە دوا خولەکەکاندا پێی راگەیێنرا کە رۆدری، یاریزانی مانچێستەر سیتی، خەڵاتەکەی بردووەتەوە.